ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لە جیهاندا 13 ملیۆنی تێپەڕاند

13/07/2020
فۆتۆ: 



ژمارەی تووشبوانی فایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا 13 ملیۆنی تێپەڕاند و زیاتر لە 500 هەزار كەسیش بەهۆیەوە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە .

بەگوێرەی سەرژمێرییەك كە لە لایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات، دوای تۆماركردنی یەكەم تووشبوو بە كۆرۆنا تا سێ مانگ لەوە دواتر، ژمارەی تووشبوان بە كۆرۆنا گەیشتە یەك ملیۆن كەس، بەڵام لە ماوەی تەنها 5 ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەكە لە 12 ملیۆن كەسەوە گەیشتە 13 ملیۆن كەس .

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ئەو ژمارەیە سێ هێندەی ژمارەی تووشبوانە بە هەڵامەتی وەرزی كە ساڵانە تۆمار دەكرێت .

تا ئێستا بەهۆی كۆرۆناوە 585 هەزار و 500 كەس گیانیان لەدەستداوە .

راپۆرتەكەی ڕۆیتەرز كە بەزۆری پشتی بەستووە بە ڕاپۆرتی حكومەتەكان، ئاماژە بەوە دەكات پەتاكە لە ئەمریكای لاتین لە هەموو ناوچەیەكی دیكەی جیهان زیاتر تەشەی تیا دەكات، بەشێوەیەك هەردوو ئەمریكا زیاتر لە نیوەی تووشبوان و گیانلەدەستدانەكانی جیهانیان تیا تۆماركراوە .

لە لایەكی ترەوە تیدروس ئادهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروسای جیهانی لە ژنێف ڕایگەیاند، با لەگەڵتاندا ڕاشكاوم بم زۆرێك لە وڵاتان بە ئاراستەی هەڵەدا هەنگاو دەنێت، چونكە هێشتا فایرۆسەكە دوژمنی یەكەمە .

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر وڵاتان پابەندی سیاسیەتی خۆپارێزی پێویست نەبن، ئەوا قەیرانی كۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت .