دەزگای دژە تیرۆری عێراق: هەماهەنگی زۆر لەنێوان دژە تیرۆری عێراق و دژە تیرۆری سلێمانی هەیە

14/07/2020
دژە تیرۆی عێراق و هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: 

دەزگای دژە تیرۆری عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگی زۆر لەنێوان دەزگای دژە تیرۆر و هێزەکانی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان هەیە

دەزگای دژە تیرۆی عێراق لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، هەماهەنگی و هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری زۆر لەنێوان هێزەکەیان و هێزەکانی دەزگای دژە تیرۆر لە سلێمانی هەبووە، لە میانەی بەڕێوەچوونی قۆناغی چوارەمی پڕۆسەی پاڵەوانانی عێراق بۆ گەڕان و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش لە پارێزگای دیالە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی ستراتیژی نوێی دەزگای دژە تیرۆردایە بۆ پێویستی یەکخستنی هەوڵە ئەمنییەکان لەپێناو چرکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش و ئاسانکاری بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنیان.

ئەوەش دوای ئەوە دێت چەند ڕۆژێکە هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بە سەرپەرشتی عەبدولوەهاب ساعدی و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیارنی عێراق ئۆپراسیۆنێکی فراوانیان لە پارێزگای دیالە دەستپێکردووە بە ئامانجی لەناوبردنی پاشماوەی چەکدارانی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەروازە سنورییەکان کە بە وتەی بەپرسانی عێراق لەلایەن گروپی چەکدارەوە داهاتەکاننیان فەرهووت دەکرێت و بەشێکی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت .