ئێران.. بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا کارمەندێکی خانەنشین لەسێدارەدرا

14/07/2020
بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا کارمەندێکی خانەنشین لە ئێران لەسێدارەدرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا، وڵاتەکەی کارمەندێکی خانەنشینی وەزارەتی بەرگری لەسێدارەداوە.

غولامحسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو رەزا عەسگەری کارمەندی خانەنشینکراوی وەزارەتی بەرگری ئێران لەسێدارەدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کارمەندە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (CIA ) هەبووە و زانیاری سەبارەت سیستمی موشەکی وڵاتەکەی فرۆشتووە بە سی ئای ئەی.

 رەزا عەسگەری کارمەندی هێزە ئاسمانییەکان لە وەزارەتی بەرگری ئێران بووە و ساڵی ٢٠١٦ خانەشین کراوە.

لە تەمموزی ساڵی رابردووشدا، ئێران کارمەندێکی دیکەی هێزە ئاسمانییەکانی وەزارەتی بەرگری بەناوی جەلال حاجی زەوار، بەتۆمەتی پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لەسێدارەدا.

تەمموزی ساڵی رابردوو وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، ١٧ کەس لە ئەندامانی تۆڕێکی سیخوڕییان لەناو ناوەندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەدا دەستگیرکردووە و بەشێکیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو هەوڵە کاردانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لێکەوەتەوە و رایگەیاند، ئەو جۆرە هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و جگە لە درۆیەکی گەورە هیچی دیکە نین.