فراكسیۆنی گۆڕان ژمارەیەك ئامێری تەندروستی دەبەخشێتە تەندروستی گەرمیان

15/07/2020
وێنەى کاتى بەخشی ئامێرەکان بە تەندروستى گەرمیان
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی گشتى تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، ئەمڕۆ فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك ئامێری تەندروستی دەبەخشێتە تەندروستی گەرمیان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتى تەندروستی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاندوە، بۆ كەلار  شەش ئامێری ئۆكسجین و 10 ئامێری پێوانی ئۆكسجینی خوێن، پێنج ئامێری ئۆكسجینی گەورە بۆ  نەخۆشخانەی كفری دابینكراوە.

هەربەگوێرەی راگەیەندراوەكە، عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشكردوە، ئەو كۆمەكە بۆ ئەو گیروگرفتە گەورەی گەرمیان كەمە، بەڵام هەرئەوەندەیان پێكرا و  وەك بەشێك لە ئەركی سەرشانیان جێبەجێیا كردووە .

لەراگەیەندراوەكەی تەندروستی گەرمیاندا ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو پێداویستیانە لە رێگەی كەمپینێكەوە گەیەنرایە تەندروستی گەرمیان كە ژمارەیەك گەنج و چالاكوان بۆ دابینكردنی پێداویستی بۆ تەندروستی گەرمیان دەستیان پێكردوە .