قەدەغەی هاتووچۆى نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت

18/07/2020
وێنەى جێگرى پارێزگاری هەولێر
فۆتۆ: فۆتۆ: ئەیوب ساڵح

جێگری پارێزگاری هەولێر نوێترین زانیارى لە بارەى هەڵگرتنى قەدەغەى هاتووچۆى شارەکان و ڕەوشى کۆرۆنا لە سنورەکە ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دەرگاى مزگەوتەکان بەداخراوى دەمێننەوە و قەدەغەی هاتووچۆى نێوان پارێزگاکانیش تا کاتێکى نادیار بەردەوام دەبێت.

هێمن قادر وتەبێژى ژوورى ئۆپەراسیۆن و جێگری پارێزگاری هەولێر بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، لە دواى جەژنى رەمەزانەوە تووشبوونى کۆرۆنا رووى لە هەڵکشانێکى زۆر کردوە، ژمارەى نەخۆشەکان زۆرن و کۆرۆنا لەگشت کوچە و کۆڵان و گەڕەکەکاندا بڵاوبوەتەوە.

وتیشى، رەوشى تەندروستى لەوپەڕى خراپیدایە، تائێستا لە ناوشارى هەولێر 67 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، کە ژمارەیەکیان گەنج بوون، هیچ کێشەیەکى تەندروستیان نەبووە، تاهاوڵاتیان خۆیان نەپارێزن و بەریەککەوتن کەمنەکەنەوە ڤایرۆسەکە روو لەزیادبوونە.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەهەماهەنگى لەگەڵ ئەوقافى هەولێر لەبەر بەرژەوەندى گشتى بڕیاردراوە جارێ دەرگاى مزگەوتەکان بەداخراوى بمێننەوە.

لەبارەى ڕێکارە نوێیەکانی قەدەغەی هاتووچۆ جێگرى پاریزگارى هەولێرباسى لەوەکرد، هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆى نێوان پارێزگاکان، وەک ژوورى ئۆپەراسیۆنەکان لەدەسەڵاتى ئەواندا نییە، بەڵکو وەزارەتى ناوخۆ و ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریانداوە تا کاتێکى نادیار بەردەوام بێت.

هێمن قادر جەختیکردەوە، پشکنین لە بازگەکان، بەردەوام هەبووە بە خۆڕایى پشکنین بۆ هاوڵاتیان کراوە، بەڵام لە ئیستادا تواناى دارایى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى هەولێر وەک پێویست نییە و پێشنیارى کراوە لە شارەکانى عێراق هەرکەسێک لە هەردوو دەروازەى غازر و شێراوە بیەوێت بێتە ناو هەولیر دەبێت لەسەر ئەرکى خۆى پشکنینى بۆ ئەنجام بدرێت، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ بڕیارى لێدەدرێت کەى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

داڕشتنەوە: شادان حەسەن