ئیدارەی گەرمیان بۆ روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لەگەڵ ناوەندە ئەكادیمیەكان كۆبوویەوە

18/07/2020
فۆتۆ: 
گەرمیان

ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ناوەندە ئەكادیمیەكانی سنورەكەی كۆبوویەوە و چەند بڕیارێكی تایبەت بە هەڵمەتی هۆشیاری روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دەركران.

ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆبەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆبووەوە‌، بەرپرسانی ئەكادیمی ئیدارەكەش تیایدا بەشداریان كرد و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاشكرایكرد، دەستیانكردووە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو چین و توێژانەی لەكۆمەڵگەدا بەرچاوو دیارن، سەرنج و پێشنیاری باشیان لێوەرگرتوون. 

سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنەكان ئاماژەی بەوە كرد ئامانجی كۆبونەوەكەیان بۆ وەرگرتنی پێشنیار و سەرنجی ناوەندە ئەكادیمیەكانی ئیدارەكەیە بۆ ئەوەی هەموولایەك پێكەوە بەئاراستەی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا هەنگاوی دروست بنین. 

لەم كۆبونەوەیەدا پسپۆرانی بواری تاقیگەیی لەزانكۆی گەرمیان و پەیمانگای تەكنیكی كەلار لەڕوی زانستییەوە بارودۆخی ئێستای ناوچەكەیان لێكدایەوە و پێشنیاری خۆیان دایە ئیدارەی گەرمیان و  هەموولایەك هاوڕابوون لەسەر بەئەنجام گەیاندنی هەڵمەتێكی گەورەی هۆشیاری و دروستكردنی ئیرادەی خۆپارێزی لای تاك.

بەگوێرەی ئەنجامی كۆبوونەوەكە لەئەمڕۆوە سەرۆكایەتی زانكۆی گەرمیان دەست دەكات بەئەنجامدانی هەڵمەتێكی هۆشیاری لەسۆشیال میدیا و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا.

 لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا بەهەماهەنگی لەگەڵ پەیمانگای تەكنیكی كەلار (مۆبایل تیم)ی پەیمانگاكە لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی لەبەدەنگەوەچوون و  خزمەتكردن بەوكەسانە بەردەوامبن كەھەڵگر و تووشبوی ڤایرۆسەكەن و لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرن.