رۆحانی: 35 ملیۆن کەس لە ئێران مەترسی تووشبوون بە کۆرۆنایان لەسەرە

18/07/2020
حەسەن رۆحانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیای ئێران
تاران

سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ٢٥ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی وڵاتەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٣٥ ملیۆنی دیکەش مەترسی تووشبوونیان لەسەرە.

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی تەندروستی، لەکۆی ٨٣ ملیۆن دانیشتووی ئێران، ٢٥ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ٣٠ بۆ ٣٥ ملیۆن کەسی دیکە لە ئێران، مەترسی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ١٥٠ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئێران خەوێندراون و پێشبینی دەکرێت، لە داهاتوودا ئەو ژمارەیە بۆ دوو هێندە بەرزبێتەوە.

ئەگەرچی پێشتر بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنایان لە وڵاتەکەیان رەتکردووەتەوە، بەڵام حەسەن رۆحانی رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵەوە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە وڵاتەکەمان دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

ئەم لێدوانە حەسەن رۆحانی لەکاتێکدایە کە، بەپێی دواین ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٧١ هەزار و ٦٠٦ کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ١٣ هەزار و ٩٧٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣٥ هەزار و ٣٠٠ نەخۆشیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.