چارەنوسی سیتین بۆ رۆشتن لە بەرشەلۆنە یەكلایی كراوەتەوە

18/07/2020
فۆتۆ: 

هەرچەندە كیكی سیتین خۆی رەتیدەكاتەوە بڕیاری دەركردنی لە راهێنەرایەتی بەرشەلۆنە درابێت بەڵام میدیاكان شوێنگرەوەكەشیان دیاری كردووە و دوای یاری كۆتایی لالیگا لە یانەكە دووردەخرێتەوە.

هەرچەندە باس لە دوورخستنەوەی دەكرێت لە دوای یاریەكەی سبەی شەوی كە بەرامبەر بە یانەی ئالاڤێس ئەنجامی دەدات بەڵام سیتین رایگەیاند، ئەگەر هاوشێوەی ئەو یارییەی بەرامبەر ڤیاریال كردمان، یاریی بكەین ئەوا هەلی ئەوەمان دەبێت نازناوی چامپیۆنز لیگ ببەینەوە.

دوای شكستی یانەكەی بەرامبەر یانەی ئەساسۆنا میدیاكانی ئیسپانیا رایانگەیاند، جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاری دەركردنی كیكی سیتینی لە پۆستی راهێنەرایەتی دەركردووە و راهێنەری نوێی تیپەكەیشی دەستنیشانكردووە.

سەرچاوەی میدیاكانی ئیسپانیا باس لەوە دەكەن رۆژی دووشەممە یان سێشەممەی، بارتۆمیۆ دەركردنی سیتین لە راهێنەرایەتی بەفەرمی رادەگەینێت فرانسیسكۆ گارسیا، كە ئێٍستا راهێنەری تیپی دووەمی بەرشەلۆنەیە دەكاتە شۆنگرەوەی. 

سیتێن لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یارییەكەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس، دوایین یاریی ئەم وەرزەی یانەكەی دەبێت لە لالیگادا بەشێوەیەك قسەی كرد كە تەمەنی لەگەڵ یانەكەدا زۆری مابێت و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی یاریەكانی چامپیۆنز لیگ تەواو بكات، وتی: هەركاتێك پەیوەندی بە یانەیەكەوە دەكەم وابیر دەكەمەوە تا كۆتایی ژیانم لەو یانەیە یاری دەكەم. 

دوای دۆڕاندنەكەی بەرامبەر ئۆساسۆنا لە خولی ئیسپانیا، لیۆنێل میسی كاپتنی بەرشەلۆنە ڕەخنەی توندی لە شێوەی یاریكردنی تیپەكەی گرت و دەڵێت "گەر بە هەمان ئاستەوە بەردەوامبین، یارییەكەی ناپۆلی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەدۆڕێنین". 

ئەو ئەستێرە مێژوویەی یانەكە  دەشڵێت "لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەوەی لە یانەكەماندا ڕوویداوە نامۆ و خراپە، چەندین خاڵی زۆرمان لەدەستدا و ئەم دۆڕاندنەشمان كورتكراوەیەكی وەرزەكەمانە و پێویستە ڕەخنە لەخۆمان بگرین".
لەبەرامبەر ئەو قسانە سیتین وتی، هەست ناكەم ئەو قسانەی میسی كردی، مەبەستی من بووبێت، ئەم شتانە رۆژانە قسەی لەبارەوە دەكرێت و نامەوێت گرنگییەكی زۆری پێبدەم.

ئەو قسەكانی ئەو یاریزانەی بە حەق زانی وتی  "ئێمە بەشێوەیەكی زۆر سەیر لە یارییەكانی ئەم دواییەدا دەركەوتین، لەگەڵ ئەوەی دەمان بردەوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بزانین هەندێك شت هەیە دەبێت باشتری بكەین".

سەرچاوەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كردووە "دوای ئەوەی دوایین یاری خۆی لە لالیگادا ئەنجام دەدات، یاریزانەكانی بەرشەلۆنە هەفتەیەك پشوو وەردەگرن، ئینجا دەگەڕێنەوە یانەكە و لەژێر سەرپەرشتی فرانسیسكۆ گارسیادا دەست بە مەشق و خۆئامادەكردن بۆ چامپیۆنزلیگ دەكەن".

فرانسیسكۆ گارسیا، تەمەنی 45 ساڵە، وەك یاریزان و راهێنەر لە بەرشەلۆنە بووە، كە لە ساڵی 1990 لەگەڵ تیپی لاوانی یانەكە دەستپێكردووە، لە ساڵی 2004 وازی لە یاریكردن هێناوە و چووەتە بواری مەشق و راهێنان هیچ یانەیەكی دیكەی نەبینیوە.