هەولێر.. باخچە نایاساییەکان لادەبردرێن
لە ھەولێر باخچە نایاساییەکان لادەبردرێن
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر
لە ١٥ـی تەممووزەوە، لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێرەوە ھەڵمەتێک بۆ لادانی بەربەست و چوارچێوە و تەلبەندی باخچە نایاساییەکانی شاری ھەولێر دەستیپێکردووە .
سیامەند کەریم وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر بە تۆڕی ھەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ھەڵمەتێکمان بۆ لادانی بەربەست و چوارچێوە و زێدەڕۆیی و تەلبەندی باخچە نایاساییەکانی بەردەم ماڵەکان دەستپێکردووە و ڕۆژانە تیمەکانی شارەوانی ھەولێر سەرقاڵی لادانی باخچەکانن و ھەموو باخچە نایاساییەکانیش دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دروستکردنی باخچە نایاساییەکان، زێدەڕۆییش کراوەتە سەر تۆڕەکانی ئاو و ئەوەش ھۆکارێکە بۆ کەمبوونی ئاو لە بەشێکی گەڕەکەکانی شاری ھەولێر.
ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆسەی لادانی بەربەست و چوارچێوە و تەلبەندی باخچە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت و ھەموو باخچە نایاساییەکانی شاری ھەولێریش دەگرێتەوە، بەڵام، ھیچ دار و درەختێک تێکنادرێت و وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر راشیگەیاند، بەشێک لەو باخچانە لەلایەن ھاوڵاتییان بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر بەکاردێت، ئەو ھەڵمەتە ئەوانیش دەگرێتەوە.
لە سەنتەری شاری ھەولێر، نزیکەی ٦٠٠ باخچە و پاڕکی جۆراوجۆر ھەن، بەشێکیش لە باخچەکان ھاوڵاتییان لە گۆڕەپانەکانی بەردەم ماڵەکانیان دروستیانکردووە.
|