رۆژهەڵاتی کوردستان.. بەهۆی تۆپبارانی سوپای پاسداران شوانێک کوژرا

18/07/2020
لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تۆپبارانی سوپای پاسداران شوانێک کوژرا
فۆتۆ: فۆتۆ: هەنگاو
ورمێ

لەئەنجامی تۆپبارانکردنی بێ ئامانجی بەرزاییەکانی قەندیل لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، شوانێکی کورد کوژرا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٨ی٧ی٢٠٢٠، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەرزاییەکانی سنووری قەندیلیان لە ناوچەی پیرانشار تۆپبارانکردووە، بەبێ ئەوەی ئامانجێکی روونیان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانە، شوانێکی گەنج بە ناوی رەسوڵ باکەند دانیشتووی گوندی بازرگان-ی سەر بە شاری پیرانشار بە سەختی بریندار بووە و پاش گواستنەوەی بۆ ناوەندە تەندروستییەکان، گیانی لەدەستداوە .

ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژ پێش ئێستا، هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی سنوری دەشتی وەزێنەی شاری سەردەشت تەقەیان لە شوانێک بە ناوی یوسف ئەحمەدی کرد و کوشتیان.

سەرەتای ئەم مانگەش لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، شوانێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ڕێبین ئیسماعیل، خەڵکی قەزای چۆمان-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، بە سەختی بریندارکرا.