هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوریا دەستیپێكرد

19/07/2020
بەشێک لە وێنەی کاندیدەکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا
فۆتۆ: فۆتۆ: فرانس پرێس

هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا كە بە ئەنجوومەنی گەل ناسراوە دەستیپێكرد، رێڤەبەری خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی وڵاتەكە بەشداری ناكات و زیاتر 1600 كاندید ركابەری دەكەن.

بەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سوری دەستیپێكرد و 1656 كەس خۆیان كاندید كردووە و ركابەری دەكەن لەسەر 250 كورسی ئەنجوومەنەكە، ئەوە جگە لەوەی كە هەندێك كاندیدی دیكەش هەیە بۆ لیژنەكان كە ئەوانیش وەك بەشێك لە ئەنجومەنەكە هەڵبژاردنەكە بڕیاربوو رۆژی 13ی نیسانی 2020 ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر بۆ 20ی ئایار دواخرا، بەڵام جارێكی دیكە دواخرایەوە بۆ ئەمڕۆ لە كاتێكدا ماوەی یاسایی ئەو ئەنجوومەنە لە 14ی نیسان تەواو دەبوو.  

ئەو ئەنجوومەنە پێكهاتووە لە 250 ئەندام كە لە كۆتا هەڵبژاردندا كە لە رۆژی 14ی نیسانی 2016 ئەنجامدرا، هاوپەیمانێتیەك بە ناوی هاوپەیمانی نیشتیمانی پێشكەوتوو دروستكرا كە توانی 187 كورسی ئەنجوومەنەكە بەرێتەوە، حزبی بەعس سەرۆكایەتی ئەو هاوپەیمانێتیە دەكرد و كەسایەتیە سەربەخۆكانیش 63 كورسیان بەدەست هێنا كە ئەوانەش خەڵكانی دۆست و قبوڵكراوی حزبی دەسەڵاتدار بوون.

لە ئێستادا خاكی وڵاتەكە بەشێكی كە مەزەندە دەكرێت بە 30%ی هەڵبژاردنی تیادا ئەنجام نادرێت لەبەر ئەوەی ئیدارەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاندووە ئەو هەڵبژاردنە هیچ پەیوەندیەكی بەوانەوە نیە بۆیە سندوقی دەنگدانیش دانانرێت لەو ناوچانە. ئەوە جگە لەوەی كە چەند شوێنێكی دیكەی سوریا بە دەست توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتەوەیە ئەوانیش هەڵبژاردنەكە رەتدەكەنەوە. 

بۆ ئەم هەڵبژاردنە 15 بازنە كە حەوت هەزار و 277 بنكە لەخۆ دەگرێت دیاریكراون، ئەو ئەنجوومەنە لە ساڵی 1971 یەكەوە دروستكراوە و دەسەڵاتەكانی بەگوێرەی دەستوری سوریا دیاریكراوە، سەرۆكی ئێٍستای ئەنجوومەنەكە حەمودە یوسف سباغ كە ئەندامی حزبی بەعسی سوریە و لە 28ی ئەیلولی 2017وە ئەو پۆستەی وەرگرتووە.