پارێزگاری هەولێر: دەست بەپڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەران دەکەین

19/07/2020
کاتی سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەران
فۆتۆ: فۆتۆ: ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ڕاستەوخۆ دوای جەژن دەست بەپڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەران دەکەن.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020.7.19 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی چوار و پێنج بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ و ئەو کێشەو گرفتانەی بەوهۆیەوە دروست بوون، هەردوو گەڕەکی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەرانی بەسەرکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پارێزگاری هەولێر لە نزیکەوە سەردانی ئەو شوێنانەی کرد کە بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆ گرفتی زۆری بۆ دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دروستکردووە و بۆتە هۆی دروستبوونی گۆماو لەنێو کۆلانەکانی ئەو گەڕەکانە.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە، ئەگەرچی باری داراییمان سەختە، بەڵام بەهاوکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارمانداوە ڕاستەوخۆ دوای جەژنی قوربان کەچەند ڕۆژێکی کەمی ماوە دەست بە چارەسەرکردنی ئاوەڕۆیی ئەم گەڕەکانە بکەین، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە کەۆتۆتە نێو کۆڵانەکان و دانیشتوانی ئەم گەڕەکانەی هەراسانکردووە.

فرسەت سۆفی بەڵێنیشی بەدانیشتووانی هەردوو گەڕەکی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەرانی هەولێر داوە، دوای جەژن ڕاستەوخۆ دەست بەکارەکان دەکرێت و گرفتی ئاوەڕۆ و کێشەی ئەو گۆماوانەی بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆوە لەو گەڕەکانە دروست بووە چارەسەردەکەن .

هەر ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی بەستانەوەی ئاوەڕۆی فەرمانبەرانی بەسەرکردەوە کە لەنێوان شەقامی 120م بۆ کۆرنیش دەستپێدەکات و لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر 30% لە کارەکانی تەواوکراوە .

ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، دانیشتووانی گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەران و چەند گەڕەکێکی دیکەی هەولێر، دژی نەبوونی خزمەتگوزاری گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.