وەزارەتى ناوخۆ رادەستکردنى دالیا رەتدەکاتەوە

20/07/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی ناوخۆ رونکردنەوەیەکی لەبارەی "رادەستكردنی دالیا" بە هەواڵگری توركیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی ڕاستیی بابەتەکە .

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 
 
دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایە کەسێک بە ناوی (دالیا مەحموود موسلیم) لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی تورکیا کراوەتەوە. بە پێویستی دەزانین رای گشتی ئاگاداربکەینەوە کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی راستیی بابەتەکە . 
 
دالیا مەحموود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی (سەلام رەمەزان محەممەد ناسراو بە تولهەلدان) کە لە ریزەکانی یەپەگە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروستدەکەن و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و رادەکەن.  
 
رەمەزان لە رۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحموود موسلیم بۆ پەیوەندیکردن بە سەلام لە رۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی رادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە.  
 
راگەیاندنەکانی پەکەکە و هاوبۆچوونەکانیان لە جیاتی تۆمەت بەخشینەوە، هەقە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بۆچی خەڵک واز لە ریزەکانی ئەوان دەهێنێت و ئامادەن بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانیان، لە رێگەی قاچاخ ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. 
دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە دەردەبڕن.  هەرێمی کوردستان وەک هەمیشەش بە پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی رووی تێدەکەن و ئەم هەوڵە چەواشەکارانەیەش هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی.
 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 
2020/7/20