زانکۆی ئۆکسفۆرد: ئەنجامی ڤاکسینی کۆرۆنا ئەرێنی بووە

20/07/2020
فۆتۆ: 
لەندەن

زانکۆی ئۆکسفۆرد رایگەیاند، ئەنجامی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی لەسەر لەشی مرۆڤ نەبووە و سیستمی بەرگریش بەهێزتر دەکات.

زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تاقیکردنەوەیەکیان بۆ دروستکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا ئەنجامداوە و ئەنجامی تاقیکردنەوەکەیان ئەرێنی بووە.

ئاشکراشیکردووە، ڤاکسینەکەیان لەسەر هەزار و ٧٧ کەس تاقیکردووەتەوە و لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە ڤاکسینەکە دژەتەن و خرۆکەی سپی لە لەشی مرۆڤەکاندا دروستدەکات کە دەتوانێت رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەنجامی تاقیکردنەوەکە زۆر هیوابەخشە بەڵام لە ئێستادا زووە بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا ئەوە بەسە بۆ ئەوەی پێشنیازی کوتانی ڤاکسێنەکە بکرێت بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا یاخود نە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەهەوڵدان لێکۆڵینەوەی زیاتر لەوبارەیەوە ئەنجام بدەن.

زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا راشیگەیاندووە، لە ئێستادا وڵاتەکەیان داوای ١٠٠ ملیۆن دۆزی لەو جۆرە ڤاکسینە کردووە.

ئەو ڤاکسینەی زانکۆی ئۆکسفۆرد کاری لەسەر دەکات، ناوی (ChAdOx1 nCoV-19 ) ەیە و بەخێراییەکەی چاوەڕواننەکراو لە پەرەسەندن دایە.

دوابەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 و بڵاوبوونەوەی بە سەرتاسەری جیهاندا، چەندین زانکۆ و کۆمپانیای جیهانی، کێبرکێیان بۆ دۆزینەی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسەکە دەستپیکردووە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی جیهانی (WHO )، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ١٤ ملیۆن و ٦٨٦ هەزار و ٨٢٩ کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٦٠٩ هەزار و ٨٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت ملیۆن و ٧٦٨ هەزار و ٢٨٩ کەسیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.