جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوو

20/07/2020
عەبدوڵڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

عەبدوڵڵا ئەحمەد جێگری بەریوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

عەبدوڵڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، لە یەکەم هەنگاوی دانان و جێبەجیکردنی رێکارەکانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆ کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگیشە سەرپەرشتیاری تیمی ناشتنی تەرمی قوربانیانی کۆرۆنامان پێی سپێردراوە، بێ دابڕان لە ئەرکدا بووین و ئەوەی پێمان کرابێت لە خزمەتی خەڵکدا بێجیاوازی درێغیمان نەکردووە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەند بەردەوام لە ئەرکدا پابەندی رێنماییە خۆپارێزییەکان بووین، بەڵام دواجار خوای گەورە بەو ڤایرۆسە بەسەری کردوومەتەوە .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پاش چەند رۆژێک لە ئازاری جەستە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە و ئەنجامی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچووە .

راشیگەیاندووە، پشتیوان بەخوا بە ورە و هێزێکی زۆرەوە رووبەڕووی کۆرۆنا دەبنەوە.

جێگری بەریوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەشڵێت، خۆم کەرەنتینە دەکەم و بۆ ماوەیەک لە ئازیزان و خەڵک بە گشتی دادەبڕێم، لەوەی کە خزمەتیان بکەم، لە دۆعای خێر بێبەشمان مەکەن .

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ١١ هەزار و ١٠٩ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٤١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و ٤٤ نەخۆشیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.