زاخۆ.. بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە سێ کەس برینداربوون

20/07/2020
نەخۆشخانەی زاخۆ
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە، لە کومەڵگەی ھیزاوا سەر بە ناحیەی درکار لە قەزای زاخۆ سێ کەس برینداربوون.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کاتژمێری ٨ی ئەمشەو لە کومەڵگەی ھیزاوا سەر بە ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخو شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروست بووە و لە ئەنجامی شەڕەکەش سێ کەس برینداربوون.

لەوبارەیەشەوە خەلات مستەفا یاریدەدەری بەرێوەبەری نەخوشخانەی فریاکەوتنی زاخو بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی راگەیاند، ئەمشەو ئاگادارکراینەوە لەوەی کە لە ئەنجامی شەڕێک لە کومەڵگەی ھیزاوا، سێ پیاو برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، برینی بریندارەکان سووکە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن .

ئەوەشی خستەڕوو، بریندارەکان تەمەنیان لە نێوان ٢٥ بو ٣٥ ساڵدایە، یەکێک لە بریندارەکان دوو چەقۆی لێدراوە و ئەو دووانەی دیکەش بە دار و بەرد برینداربوون.

یاریدەدەری بەرێوەبەری نەخوشخانەی فریاکەوتنی زاخو راشیگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هۆکاری رووداوەکە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە.