سوپای میسر مۆڵەتی پێدرا بۆ شەڕكردن بچێتە دەرەوەی وڵاتەکەی

20/07/2020
هێزی پیادەی دەریایی میسر لە کاتی ئامادەباشیدا
فۆتۆ: 

پەرلەمانی میسر ئەمرۆبە كۆی دەنگ ڕەزامەندی نیشاندا، هێزی سەربازی وڵاتەكەی بچێتە دەرەوەی سنوری وڵاتەكە بۆ جێبەجێكردنی ئەركی شەڕو روبەڕوبوونەوە .

پەرلەمانی میسر دانیشتنەكەی بە نهێنی بەڕێوەبرد و دواتر لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، نەتەوەی میسر بە درێژایی مێژوو داوای ئاشتی كردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات دەستدرێژی بكرێتە سەر و بە تەواوی هێزی خۆیەوە بەرگری لە بەرزەوەندییەكانی و دۆست و هاوسێكانی دەكات لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەك .

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم ساتەوە هێزەچەكدارەكانی میسر و سەركردایەتییەكەی مۆڵەتی یاسایی و دەستوری هەیە بۆ دیاریكردنی كات و شوێنی بەر پەرچدانەوەی هەر مەترسی و هێرشێك .

هاوكات هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی میسر ئەنجامی كۆبوونەوەی ئنجومەنی بەرگری نیشتیمانی وڵاتەكەی تاوتوێ كرد، كە بەیانی ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر سازكرا، لە كۆبوونەوەكەدا مەترسی و هەڕەشەكانی سەر وڵات لە بەرەی خۆرئاواوە، كە مەبەستی وڵاتی لیبیایە تاوتوێكراوە و وەك مەترسییەك بۆسەر ئاسایشیی نەتەوەیی میسر لێكدراوەتەوە .

ئەو ڕەزامەندییەی پەرلەمانی میسر بۆ هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی لە كاتێكدایە، توركیا لەڕێگەی میلیشیا چەكدارەكانی ناوخۆیی سوریاوە هێزێكی زۆر كۆكردووەتەوە، بە مەبەستی هاوكاریكردنی هێزەكانی فایز سەراج سەرۆك وەزیرانی ویفاقی نیشتیمانی لیبیا، بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر ناوچەكانی خۆرئاوای لیبیا و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خەلیفە حەفتەر سەركردەی سوپای نیشیتمانی لیبیا.