بەشێک لە پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران خەرج دەکرێت

21/07/2020
فۆتۆ:  فۆتۆ: ئەیوب ساڵح

چەکی بانکی بەشی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای ھەولێر گەیشتووە و لە رۆژانى داهاتوو دەست بەدابەشکردنى دەکرێت.

ھێمن سەید موڕاد بەڕێوبەری سایلۆی ھەولێر بە وەکالەت، بە (تۆڕی ھەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند، لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێڕاقەوە، چەکی بانکی بەشی یەکەمی پارەی گەنمی جووتیاران ڕەوانە بەڕیوبەرایەتی سایلۆی ھەولێر کراوە و بڕیاریشە لە ڕۆژانی داھاتووخەرج بکرێت.

وتیشى، بڕی پارەکە دوو ملیار دینارە، بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی پرۆسەی بە بازاڕکردنی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانە دابەشکردنی پارەکەش بەسەر جووتیاران، بە میکانیزمێکی نوێ دەبێت و ئەو جووتیارانەی زووتر گەنمەکانیان ڕادەست کردووە، زووتر شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو شایستە داراییانەی کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێڕاقەوە ڕەوانەی بانکی ناوەندی لقی ھەولێر دەکرێت، بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و تەنھا ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە ئەمساڵ گەنمیان ڕادەستی سایلۆی ھەولێر کردووە .

شایەنی باسە، لەساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦، بڕی پارەی خەرجکراوی گەنمی جووتیاران، ڕێژەیی بووە. لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩، تەواوەی پارەی گەنمی جووتیاران خەرج کراوە .