ناوەرۆکى کۆبوونەوەکەى لاهور شێخ جه‌نگی لەگەڵ لێپرسراو و كادرانی یەکێتى لە هەولێر

21/07/2020
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ لاهور شێخ جه‌نگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی لەگەڵ ئەندام و کادرانی حیزبەکەی لە هەولێر کۆبوەوە و رایگەیاند، دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی چواری حزبەکەیان ئێستا دەستیان بەنوێکردنەوەی یەکێتی کردووە.

لاهور شێخ جەنگی لە میانى وتارێکدا لەوکۆبوونەوەیەدا رایگەیاند، گەڕى یەکەمى  کۆبوونەوەکان لەدواى بەستنى کۆنگرە لە شارى هەولێرەوە دەستپێکردووەتەوە و سەردانى سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەن بۆئەوەى روئیاى خۆیان دواى بەستنى کۆنگرەى چوارەم بۆ کادرەکانیان ڕوونبکەنەوە و بەفەرمى ئۆرگانەکان بکەونە سەر کارى خۆیان .

وتیشى، کۆنگرەی چوارەم وەرچارخانێکی گرنگی مێژوویی یەکێتی بوو، چونکە بێ مام جەلال کۆنگرەکەیان ئەنجامداوە و هەموو دونیا چاوی لەسەر سەرکەوتن  یان شکستی کۆنگرەبووە، سوپاسى سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەندامانی دیکەی مەکتەبی سیاسی پێشوى کردکە هاوکاری سەرکەوتنیان بوون .

ئاماژەى بەوەشکرد، بە یەک کۆنگرە ناتوانرێت چارەسەرى کێشەکان بکرێت، بەڵام ئ بە بەستنى کۆنگرە یەکێتى نوێبۆتەوە و قۆناغە مەترسیدارەکەیان بڕیوە، هەوڵدەدەن لە کۆنگرەى داهاتوو ئەو کێشە و کەموکورتیانەى هەیە چارەسەرى بکەن، جەختیکردەوە مەحاڵە جارێکى دیکە کۆنگرە دوابخرێت .

هاوسەرۆکى یەکێتى، باسى لەوەکرد ئەمڕۆ هەنگاوى یەکەمیانە دواى بەستنى کۆنگرە، چونکە یەکەم کۆبوونەوەیانە لەگەڵ کادران و ئەو کۆبوونەوانەش لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان بەردەوامیان دەبێت، ئێش و ئازاری هاوڵاتیان دەکەنە کارنامەی خۆیان و گوێ بۆ ئێش و ئازارەکانی هاوڵاتیانی خۆیان دەگرن و دەیکەن بە کارنامەی یەکێتی بۆ حکومەت و خزمەتکردنیان .