وەزیری بەرگری پێشووی عێراق سەرەخۆشی بۆ مردنی سوڵتان هاشم دەنێرێت

21/07/2020
خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری پێشووتری عێراق وپەرلەمانتاری ئێستا
فۆتۆ: 

خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری پێشووتری عێراق وپەرلەمانتاری ئێستا، سەرەخۆی خۆی لە سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری ڕژێمی پێشووی عێراق كرد و ڕایگەیاند، سوپا شاهیدی پسپۆڕی و ئازایەتی بۆ دەدات .

عوبەدی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەلایەتی تویتەر نوسیویەتی "بە هەستێكی دڵتەنگی و ئازارەوە سەرەخۆشی لە كۆچی دوایی سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری پێشووتر دەكەم، كە بۆ ماوەی دوو دەیە یەكێك بووە لەسەركردەی دامەزراوەی سەربازیی عێراق و بەشداری چەندین جەنگی قورسی كردووە بۆ بەرگری كردن لە عێراق و گەلەكەی ".

خالید عوبەیدی ئاماژەی بەوەشكردووە، سوپای عێراق شاهیدی دەدات بۆ كۆچكردوو كە بە پسپۆڕی و مرۆیی و باوكایەتییەوە  مامەڵەی لەگەڵا سەرباز و پلەدارەكان و ئەفسەر و فەرماندەكانی سوپای كردووە، هەروەك عێراقییەكانیش شاهیدی بۆ ئازایەتی و لێهاتوویی و ڕێكخراوەیی بەرزی سەربازیی دەدەن .

جەختیشیكردووەتەوە، یەكێك بووە لەو كەسانەی كە لە دۆخە قورس و زۆر ناڕەحەتەكاندا ئیدارەی دامەزراوەی سەربازیی داوە و سەركەوتوو بووە لە ئامادەكردنی ئەفسەر و فەرماندەكان بۆ بەرگریكردن لە عێراق و شەهیدبوون لە پێناو گەلەكەیاندا .

لە كۆتایی وتەكانیدا عوبەیدی ڕەحمەتی ناردووە بۆ گیانی سوڵتان هاشم و سەرەخۆشیشیكردووە لە خێزان و كەسوكاری .

ئەو سەرەخۆشیكردنەوەی وەزیری بەرگری پێشووی عێراق لە كاتێكدایە، سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق، یەكێكە لە تاوانبارانی جەنگ و لە لایەن دادگای عێراقەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرابوو، ناوبراو دەستی هەیە لە هەڵمەتەكانی ئەنفال و قڕكردنی هاوڵاتیانی كوردستان و بەشداری و سەركردایەتی یەك تا شەش هێرشی ئەنفالی كردووە بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان .

سوڵتان هاشم ڕۆژی 19ی ئەم مانگە لە گرتوخانەی ناوەندەی شاری ناسریەی باشوری عێراق كە ناسراوە بە زیندانی "ئەلحوت" بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.