وەزیری دارایی عێراق : نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار هەن

21/07/2020
بەوتەی وەزیری دارایی عێراق نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە وڵاتەکەی بوونیان هەیە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
بەغدا

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە عێراق هەن، هۆشداریشیدا لەوەی کە قەیرانی ئابوری کێشەی ئەمنی و ئاسایش لە وڵاتەکە زیاتر دەکات .

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لەزای عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە، چاکسازی ریشەیی تاکە چارەسەرە بۆ ئەوەی وڵات لە کارەسات بپارێزین، کە بەهۆی پشت بەستن بە سامانی نەوت عێراق تێیکەوتووە .

عەلی عەلاوی راشیگەیاندووە، ئەگەر لە زووترین کاتدا چارەسەری ریشەیی بۆ دۆخەکە نەدۆزرێتەوە، دەرەنجامە ئەمنییەکان خراپتر دەبن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی بڵاوبوونەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کێشە و قەیرانەکانی عێراق قوڵتر بوونەتەوە، ئەوە جگە لەوەی دابەزینی نرخی نەوتی کاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر داهاتی حکومەت دروستکردووە .

سەبارەت بە فەرمانبەرە بندیوارەکان لە فەرمانگە حکومییەکاندا، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، ئەو بابەتە بەهۆی زۆری داهاتی نەوت کەس دەستی بۆ نەبردووە و ژمارەیان بۆ نزیکەی 300 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.