زانایانی ئایینی كەركوك داوای كردنەوەی مزگەوتەكان دەكەن

22/07/2020
زانایانی ئایینی شاری کەرکوک داوای کردنەوەی مزگەوتەکانیان کرد
فۆتۆ: 

ژمارەیەك لە زانایانی ئایینی ئیسلام لە شاری كەركوك لەسەرجەم نەتەوە جیاجیاكانی شارەكە، داوای كردنەوەی مزكەوتەكانیان كرد .

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانایانی ئایینی كەركوك ڕایانگەیاند، گلەییان هەیە لە شانەی قەیرانەكان و ئیدارەی شارەكە كە بە هیچ شێوەیەك وەڵامی داواكارییەكانیان نادەنەوە سەبارەت بە كردنەوەی مزگەوتەكان .

داواشیان لە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكان و وەقفی سونی شارەكە كرد، ڕێگە بدە بە كردنەوەی مزگەوتەكان، بە تایبەت كە چەندین شوێنی دیكەی شاری كەركوك وەك مۆڵ و بازارەكان بە تەواوی كراونەتەوە و دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت .

ئەو زانا ئاینیانە گلەیی ئەوەشیانكرد، كە هیچ نوێنەرێكیان نییە لە شانەی قەیرانەكانی كەركوك و بۆ هیچ پرسێكی تایبەت بە مزگەوتەكان پرسیان پێناكرێت و ئاگادار نین .

ئاماژەیان بەوەشكرد، زانایانی ئایینی ڕۆڵی كاریگەرییان هەبووە سەبارەت دەركردنی فتوای ڕاگرتنی نوێژی جومعەو بەكۆمەڵ لە مزگەوتەكان و داخستنیان و پێدانی ڕێنمایی بە هاوڵاتیان كە پابەندی رٍێكارە تەندروستییەكان بن .

داواشیان لەو كەسانە كرد كە لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە، وەك ئەركێكی ئایینی و مرۆیی بچن بۆ نەخۆشخانەكان بۆ بەخشینی پلازمای خوێنن لە پێناو ڕزگاركردنی گیانی نەخۆشێك كە پاداشتێكی زۆری هەیە لای خوای گەورە .

داواشیان كرد بە ڕەچاوكردنی  ڕێنماییە تەندروستییەكان ڕێگە بدرێت بە كردنەوەی مزگەوتەكان و لەماوەی رابردووشدا هۆكاری ئەوەی  كە مزگەوتەكانیان نەكردووەتەوە، لەبەر ڕەچاوكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و بە تەنگەوە هاتنی تەندروستی خەڵك بووە .