پارێزەرێک: زیندانیانی چاکسازی گەورانی هەولێر لەڕەوشێکی خراپدان
زیندانیانی چاکسازی گەورانی ھەولێر، لە ڕەوشێکی تەندروستیی و دەروونیی خراپدان و ماوەی چەند ڕۆژێکە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە .
ھەرێم ڕەفعەت پارێزەری یەکێک لە زیندانیکراوان، بە تۆڕی ھەواڵی ژیانی ڕاگەیاند "ڕەوشی تەندروستی و دەروونی زیندانیانی چاکسازی گەورانی ھەولێر زۆر خراپە و ڕەشی تەندروستییان لە ژێر سفڕەوەیە ".
ئەو پارێزەرە وتی "تا ئێستا سێ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەناو چاکسازی گەورانی ھەولێر تۆمارکراوە و ئەو زیندانیانەیی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ڕەوانەی زیندانی تاکەکەسی کراون و لە زیندانییەکانی تر جیاکراونەتەوە ".
ئاماژەی بەوەشکرد لەسەرەتای مانگی سێوە، ڕێگە بە سەردانیکردن بۆ چاکسازی گەورانی ھەولێر نەدراوە و ماوەی چوار مانگە، زیندانیکراوان خانەوادەکانی خۆیان نەبینیو .
چاکسازی گەورانی ھەولێر، نزیکەی دوو ھەزار زیندانی لەخۆ گرتووە. ژمارەیەکیشیان مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و داوای لێبووردنی گشتیی و ئازادکردنی مەرجدار دەکەن .
ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنی یەکێک لە مانگرتووان ڕەشی تەندروستی تێکدەچێت و دواتر گیان لەدەستدەدات. ژمارەیەکیشیان دەمی خۆیان دووریوەتەوە و مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە .
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەکی باڵایان پێکھیناوە بۆ سەردانیکردنی چاکسازییەکان، تا لە نزیکەوە ڕەوشی زیندانیکراوەکان ببین و ھەڵسەنگاند بۆ بارودۆخی زیندانییان بکەن و ڕاپۆرتی خۆیان پێشکێک بە ئەنجوومەنی وەزیران بکەنەوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەوبارەیەوە بدەن .
داواشی لە مانگرتووان کرد مانگرتنەکەیان بشکێنن و بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆئەوەی خزمەتگوازی زیاتریان بۆ دابین بکەن.
|