بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە پارێزگای هەولێر 25 بیر لێدەدرێت

22/07/2020
پارێزگاری هەرلێر لەکاتی بەسەرکردنەوەی یەکێک لە بیرەکان
فۆتۆ: پەیجی پارێزگای هەولێر

بە مەبەستی چارەسەركردن و كەمكردنەوەی كێشەی كەمئاوی پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا 25 بیری ئاو لێبدرێت لە گەڕەك و شوێنە جیاجیاكانی ئەو پارێزگایە .

فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بەمەبەستی تاوتوێكردنی كێشەی كەمئاوی  لە چەند گەڕێكی هەولێر، ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان كۆبووەوە و بریاریدا بە لێدانی (25) بیری ئاو بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار دینار لەسنووری پارێزگای هەولێر .

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر پرۆژەی لێدانی بیرەكان، 4 بیر لە قەزای سۆران و 4 بیر لە دەوروبەر و ئەوانیش تریش لە ناو هەولێر دەبن .

وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە  لەئێستادا بەشێکی ئەو بیرانە بەکۆتا هاتوون و لەچەند ڕۆژی داهاتوو دەکەونەکار و بەشێکیشیان لە قۆناغی تەواوبووندان .

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لایەنە پەیوەندارەكان هەڵمەتێکی فراوان بۆ بڕینی سەرپێچێ و زێدەڕۆیی سەر تۆڕی ئاو لەسنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدەدەن و ڕێکاری یاسایش لەگەڵ هەموو ئەوانە دەگرنەبەر کە سەرپێچی یاوەخود زێدەڕۆییان کردۆتە سەر تۆڕەکانی ئاو، داوای لە هاوڵاتییانیش كرد هاوكار بن لە بەفیڕۆنەدانی ئاو .

ئەوەش لە كاتێكدایە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەند گەڕەك و ناوچەیەكی جیاجیای پارێزگای هەولێر، هاوڵاتیان نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە نەبوونی ئاوی خواردنەوە و بەوهۆیەشەوە ناچارن ئاو بە تانكەر بكڕن .