ڕێكخراوێكی دیاری مافی مرۆڤ باس لە هێرشەكەی توركیا دەكات لە كونە ماسی

22/07/2020
یەکێک لە بریندارەکانی هێرشەکەی کونە ماسی
فۆتۆ: 

ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ توركیای تۆمەتبار بەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی عێراقی ڕوبەڕوی مەترسی دەكاتەوە و ئەنكەرە هیچ ڕێوشوێنكی نەگرتووەتە بەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە كاتی بۆردومانە ئاسمانییەكاندا .

لە بەیاننامەیەكدا ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بە هێرشەکەی كونە ماسی كە ئەندامێكی هێزەكانی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)ی تیا كراوەتە ئامانج لە ڕۆژی 25ی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا .

راپۆرتەكە ئاماژەی كردووە بەوەی هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی شەش هاوڵاتی مەدەنی و زیانی مادی زۆریشی گەیاندووە بە سەروەت و سامانی هاوڵاتیان لەشوێنی بۆردومانەكە .

لەو بارەیەوە بەلقیس والی توێژەری بەشی قەیرانەكانی هیومان رایتس ۆوچ ڕایگەیاند، ئەو بۆردومانەی توركیا لەو ناوچە ئاوەدانیەی شارباژێر خەریك بووە ببێتە هۆی زیانی زیاتری مەدەنی، ئەوەش ئاماژەیە بۆ خراپی خەمڵاندنەكانی  توركیا، بە كردنە ئامانجی گورپێكی بچوك لەناو كۆمەڵگەیەكی ئاوەدان و گەشتیاری ناسراوی ناوچەكە .

بەگوێرەی یاساكانی جەنگ هەموو ئەو هێرشانە قەدەغەكراون كە مەترسیان هەیە بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی، وەك لە دەستكەوتێكی سەربازی چاوەروانكراو .

هاوكات ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، هێرشەكەی كونەماسی دوای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ بوو بەسەر هێرشێكی دیكەدا كە لە بووە هۆی كوژرانی سێ هاوڵاتی مەدەنی لە دەوروبەری گوندی سەیدا لە سنوری پارێزگای دهۆک .

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا سوپای توركیا بە بیانووی بوونی گەریلاكانی پەكەكە لەناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، چەند ئۆپراسیۆنێكی فراوانی سەربازی لە سنوری پارێزگای دهۆك دەستپێكردووە و بەهۆیەوە جگە لە شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی، زیانی زۆری ماڵیشی بە ناوچەكە گەیاندووە .