دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانى کوردستان کۆدەبێتەوە

23/07/2020
فۆتۆ: 

بڕیارە ئەمڕۆ دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کۆبێتەوە و بەپێى زانیاریەکانیش ڕێواز فایەق، بەشدارى کۆبوونەوەکە دەکات.

پەیامنێرى (تۆڕى هەواڵى ژیان) رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و کارنامەی ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەی داهاتووى پەرلەمان دادەڕێژن.

هاوکات بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنى پرسی بەشداری فراکسیۆنی یەکێتی لەدانیشتنەکانى داهاتووى پەرلەمان.

بە پێى زانیاریەکانیش ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ دەکات، دوای ئەوەی دوێنێ بەشداری نەکرد و کۆبوونەوەکەی دەستەی سەرۆکایەتی دواخرا .

دوێنێش، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، فراکسیۆنی یەکێتی بە سەرکردایەتی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ ھاوسەرۆکی یەکێتی لەسەر پرسی بەشداریکردن یان و ھەڵپەساردنی کاروباری پەرلەمان کۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەکان، کارنامەی کۆبوونەوەی ھەفتەی داھاتووی پەرلەمان، تەنھا بانگھێشتکردنی وەزیرەکانی تەندروستی، ناوخۆ، پێشمەرگە و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دەرەوە دەبێت و ھیچ ئەگەرێکیش نییە، بۆ کۆبوونەوە لەسەر بژێوی ژیانى هاوڵاتیان و پرسى موچە .