ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى بەنداوەکانى هەرێم بایکۆتى دەوامیان کرد

23/07/2020
فۆتۆ: 

بەهۆى راگرتنى موچەکانیان بۆماوەى چوار مانگ، لە ئەمڕۆ وە فەرمانبەرانى بەنداواکانى هەرێم بڕیاری بایکۆتى دەوامیان دا.

ئەکرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، ماوەى چوار مانگە موچەى فەرمانبەرانى بەنداوەکانى هەرێم لە بەغداوە راگیراوە، دواى چەندین جار ئاگادارکردنەوەش تائێستا بڕیارى خەرجکردنى موچەکانیان نەدراوە.

وتیشى، بەهۆى پێنەدانى موچەکانیشیان فەرمانبەرانى بەنداوەکان بڕیارى بایکۆتکردنى دەوامیان داوە و هەر ئەمڕۆ فەرمانبەرانى بەنداوى دەربەندیخان نەچونەتەوە بۆدەوام و بایکۆتیان کردووە، لە ئەگەرى پێنەدانى موچەکانیشیان فەرمانبەرانى دیکەى بەنداوەکانیش بڕیارى بایکۆتیانداوە.

 ئاماژەى بەوەشکرد، رەزامەندى ئەنجوومەنى وەزیرانیش بۆ خەرجکردنى موچەى ئەو کارمەندانە هەبووە، بەڵام بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى بزانن موچەکانیان لە بەغداوە راگیراوە.

 باسى لەوەشکرد، بەردەوام لەگەڵ وەزارەتى دارایی و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەرخەتن بۆ ئەوەى هەرچى زووە موچەکانیان بۆ خەرجبکرێت.

بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقن و نزیکەی 400 فەرمانبەریان هەیە و مانگانە لەلایەن ەغداوە موچەیان بۆخەرجدەکرێت.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن