11 پەرلەمانتار داواى دانیشتنێکى تایبەت بە کێشەى کرێنشینان دەکەن
ژمارەیەک پەرلەمانتارى کوردستان لە فراکسیۆنە جیاوازەکان داواى دانیشتنێکى تایبەتى پەرلەمان بە کێشەى کرێى کرێنشینان دەکەن.
لە نوسراوێکدا ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوەکردووە، بەھۆی قەیرانی دارایی و ھەڵکشانی ڕێژەی بێکاری و نەبوونی موچە، کێشەی کرێ بۆ کرێنشینان دروست بووە و بە چەند مانگ جارێک ڕەنگە نەتوانن کرێی دوکان و خانووەکانیان بدەن .
لە نوسراوەکەدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، ئەو بڕیارەى حکومەت داوێتی بۆ لێخۆشبوون لە ڕێژەیەکی کەمی کرێکانیان، بڕیارێکی ڕەزیلانەیە و ھیچ لە کێشەی کریچەکان چارەسەر ناکات، پێویست بوو بەلایەنى کەمەوە لە کرێی پێنج مانگی ھەموو خەڵک خۆش بوایە وەک پاڵپشتییەک بۆیان .
ئامانجى داواکردنى ئەو دانیشتنە بۆ ئەوە دەگەڕیننەوە، تا حکومەت بە بڕیارێک مولزەم بکرێت کە لەبەرژەوەندی کرێنشینان بڕیار بدات نەک لەبەرژەوەندی خۆی.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەگەڵ سەرهەڵدانى کۆرۆنا و قەدەغەى هاتوچۆ و دواکەوتنى موچە، کرێنشینانیش وەک سەرجەم چین و توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگە ڕووبەڕووى کێشەى پێدانى کرێى مانگانە بوونەتەوە و چەندین جار داوایان لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کرد بۆ دەرکردنى بڕیارى کەمکردنەوە و لێخۆشبوونى کرێکانیان، بەڵام گوێ بۆ داواکاریەکانیان نەگیراوە.
|