داخستنی فرۆكەخانەكان 77 ملیۆن دۆلار زیانی لە هەرێمداوە

23/07/2020
فۆتۆ: 

هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا بەهۆی داخستنی فرۆكەخانەی سلێمانی و هەولێرەوە زیانی زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلاری بەركەوتووە و بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی داهاتووە گەشتەكان دەستپێبكەنەوە.

سەرچاوەیەك لە فرۆكەخانەی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی وەستانی هەریەكە لە فرۆكەخانەكانی هەلێر و سلێمانی بۆ ماوەی چوار مانگ زیانێكی زۆری مادی بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە كە مەزەندە دەكرێت بە 77 ملیۆن دۆلار. 

بەهۆی مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی كوردستان ماوەی چوار مانگە، گەشتە ئاسمانییەكان لە ھەردوو فڕۆكەخانەی ھەولێر و سلێمانی راگیراون و كە بە وتەی ئەو سەرچاوەیەی ژیان، بەو هۆیەوە رۆژانە 645 هەزار دۆلار زیان بەر ئابوری هەرێمی كوردستان كەوتووە. 

بڕیاری داخستنی فرۆكەخانەكان لە رۆژی 17ی ئادارەوە جێبەجێكراوە و  تەنها ڕێگە بە گەشتی فڕۆكەوانی دیپلۆماسی و تەندروستی و كارگۆیی دەدرێت و ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند فرۆكەخانەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ پێشوازی لە گەشتە ئاسمانیەكان لە یەكەم رۆژی مانگی داهاتوو. 

سەرچاوەكەی ژیان ئەوەشی راگەیاند جوڵەی فرۆكەخانەكان لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا تەنها 2% بووە، لەبەرامبەردا 98%ی جوڵەكان راگیراون، ئەوەش لە كاتێكدایە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەكان تەنها لە فرۆكەخانەی هەولێر لە ساڵی رابردوودا 19 هەزار گەشت ئەنجامدراوە و نزیكەی دوو ملیۆن گەشتیار لەو فرۆكەخانەیەوە گەشتیان كردووە.

هەرچەند دەسەڵاتی فرۆكەوانی عێراقی گەشتە ئاسمایەكانی لەمڕۆوە دەستپێكردووەتەوە، بەڵام ئەو دوو فرۆكەخانەی هەرێم وا بڕیارە لە رۆژی یەی ئاب دەست بە گەشتەكانیان بكەنەوە.