لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانی شەقامی 100مەترى سلێمانى پێکهێنرا

23/07/2020
فۆتۆ: 

بە سەرۆکایەتی پارێزگاری سلێمانی لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردن و قەرەبوکردنەوەى کێشەو گیرفتەکانى پەیوەست بە شەقامی 100مەترى سلێمانى پێکهێنرا.

پارێزگارى سلێمانى لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆبوونتەوەیەکدا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە شەقامی 100 مەتری سلێمانی (شاڕێی بابان)، لە سەر رەزامەندى وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەو گیروگرفتێکی پەیوەست بە شەقامەکە.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لیژنەکە هاوڵاتیانی دڵنیا دەکاتەوە، کە مافی یاسایی هەموو کەسێک پارێزراو دەبێت و ڕێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردن و قەرەبووکردنەوەی هەر کێشەیەکی زەوی و زارو موڵک و ماڵ دیاریکراوە .

هاوکات لیژنەی ناوەندییش لە هەر فەرمانگەیەک پەیوەست بەو بابەتە پێکهێنراوە بۆ نەهێشتنی هیچ ڕۆتین و دواکەوتنێک لە کارەکاندا .

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێک لەکارى لیژنەکان تایبەت دەبن بە هەژمارکردن و ووردبینی کردنی بەڵگەنامەکانی خاوەندارێتی ئەو موڵکانە دەبێت، کە دەکەونە سەر رێرەوەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەیان.

ئەوە لەکاتێکدایە، دواى یەک هەفتە کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانى، ژمارەیەک خاوەن زەوی گردبوونەوە و بۆ ماوەیەکى کاتى کارکردنى شەقامەکەیان ڕاگرت و داوای قەرەبوو کردنەوەى زەویەکانیان کرد.