تاران: هێرشی ئەلکترۆنی بەرفراوان کراوەتەسەر وڵاتەکەمان

23/07/2020
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا هێرشی بەرفراوانی ئەلکترۆنی کراوەتەسەر وڵاتەکەیان.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێراندا، عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا هێرشی بەرفراوانی ئەلکترۆنی کراوەتەسەر وڵاتەکەمان و توانیومانە ئەنجامدەران و وڵاتانی پاڵپشتی هێرشەکان، لەگەڵ چەند گروپ کە راستەوخۆ دەستیان لە هێرشەکاندا بووە، بدۆزینەوە.

موسەوی بەبێ ئاماژەپێدان بە وردەکاری هێرشەکان راشیگەیاند، قەبارەی تاوانەکە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان کە زۆربەیان لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدەدرێن، بابەتێکە کە بۆ هەموو جیهان مایەی نیگەرانییە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیچ بەڵگەیەکی بۆ قسەکانی خۆی نەخستەڕوو.

هەفتەی رابردوو ماڵپەڕی یاهونیوز لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە کە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیارێکی نهێنی دەرکردووە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی (CIA )، بۆ ئەوەی هێرشی ئەلکترۆنی بکاتە سەر ئێران و چەند ئامانجێکی دیکە.

ئەم هەواڵە لەلایەن هیچ لایەنێکی فەرمی ئەمریکا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە پشتبەستن بەو هەواڵە رایگەیاند، سەبارەت بە بڕیارەکەی ترەمپ، دەتوانم بڵێم کە لەمەودوا هەر هێرشێکی ئەلەکترۆنی بکرێتەسەر ئێران، تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا، مەگەر ئەوەی کە پێچەوانەکەی رووبدات.

لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین تەقینەوە و رووداوی ئاگرکەوتنەوەی گوماناوی لە بنکەی ئەتۆمی و سەربازیی، کارگای پیشەسازی سەربازی، بۆری نەوت، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و چەندین شوێنی دیکەی ئێران روویانداوە، لەوانەش تەقینەوەیەک لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهان بوو کە بە سەرەکیترین بنکەی ئەتۆمی ئێران لەقەڵەمدەردێت.

دوای ئەو رووداوش رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لەزاری چەند بەرپرسێکی سەربازی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاویکردەوە کە تەقینەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە و تا یەک ساڵ بەرنامەی ئەتۆمی بنکەکە دوا دەخات، بەڵام تا ئێستا نە ئێران و نە ئیسرائیل بەفەرمی ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن تێلئەبیبەوە ئەنجامدرابێت.