پۆلیسی سلێمانی: ئەو تۆمەتبارەی روبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەوە دەستگیرکرا

23/07/2020
لۆگۆی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردووە کە پاش تۆمارکردنی سکاڵا لەسەری و هەوڵدان بۆ دەستبەسەرکردنی، روبەڕووی هێزەکانیان بووەوە.

بەڕێوەبەرایتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای لەسەر تۆمەتبارێك تۆمارکرد كە هەڕەشەی لێكردووە، هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە شوێنی مەبەست بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەکە لەسیتییەكانی دەروازە لەشاری سلێمانی، بەڵام تۆمەتبار بەدەمانچە ڕوبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بووەوە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دەستپێکردنی لێكۆڵینەوەكان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٧/٢٣ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی چوارچرا و بەشی پۆلیسی فریاكەوتن و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان توانیویانە لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارکە دەستگیربکەن و لەگەڵ ئەوەشدا دەستیانگرتووە بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچەدا كە بەتۆمەتبارکە بووە .

ئەوەش خراوەتەڕوو کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو، تەنها ئۆتۆمبێلێكی هاوڵاتییەك فیشەكی بەركەوتووە .

بەڕێوەبەرایتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتبار (أ ، أ ، م ) بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .