دووەمین زیندانی مانگرتوو لە چاكسازی گەورانی هەولێر گیانی لەدەستدا

24/07/2020
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ هەینی یەكێكی دیكە لە زیندانییە مانگرتووەكانی ناو چاكسازی گەورانی ھەولێر گیانی لەدەستدا كە كەسێك سزای زیندانی هەتا هەتایی هەبووە ئەوەش دووەم زیندانی مانگرتووە لە هەفتەی رابردووەوە گیان لە دەستبدات.

سەرچاوەیەك لە چاكسازی گەورانی هەولێر بە (تۆڕی ھەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند "كەمێك لەمەوبەر یەكێكی دیكە لە زیندانییە مانگرتووەكانی ناو چاكسازی گەورانی ھەولێر، كە ماوەی دوو ھەفتەیە مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە كۆچی دوایی كرد".

ئەو كەسەی گیانی لەدەستداوە تەرمەكەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فێركاری ھەولێر كرا و دواتریش گەڕێندراوەتەوە بۆ چاكسازی گەورانی ھەولێر، لەبارەی هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو زیندانیە مانگرتووە ھێمن نانەكەڵی، بەڕێوبەری چاكسازی گەورانی ھەولێر كرد، ڕاگەیاند "زیندانییەكە بەھۆی جەڵتەوە كۆچی دوایی كردووە و ماوەیەكیشە لەژێر چاودێری چڕی پزیشكی دایە". 

بەگوێرەی زانیاریە بەدەستهاتووەكان زینداییەكە، تەمەنی 30 ساڵە و بە ماددەی 406ـی كوشتن، حوكمی زیندانی ھەتاھەتایی هەبووە و ماوەی دوو ھەفتەیە؛ مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە. 

ئەوەش دووەم كەسە كە لەدوای دەستپێكردنی مانگرتنەكەوە گیانی لەدەستدەدەن لە هەفتەی رابردووش زیندانیەكی دیكە لەو زیندانە گیانی لەدەستدابوو. 

ئەوەش لە كاتێكدایە لە12ی ئەم مانگەوە، زیندانییانی چاكسازی گەورانی ھەولێر، مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە دەستپێكردووە داوا دەكەن لێبووردنی گشتیی و ئازادكردنی مەرجداریان بۆ دەربكرێت بەھۆی ڕەوشی خراپی چاكسازییەكە مەترسی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لەناو چاكسازییەكە.