دوای سێ ڕۆژ لە گڕگرتنی ئاگرەكەی چیای شنگال كۆنترۆڵكرا

24/07/2020
فۆتۆ: 

دوای كەوتنەوەی ئاگر لە چیای شنگال كە بووە هۆی سووتانی دەیان دۆنم ڕەز و باخی هاوڵاتیان ئەمڕۆ ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا.

ئاگرەكە رووبەڕِێكی زۆری چیاكەی گرتەوە و سەعد حەمۆ، یەكێك لەو چالاكوانانەی لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەكەكاری دەكرد بۆ كوژاندنەوەی ئەو ئاگرا بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ڕاگەیاند، ئاگرەكە بووەتە هۆی سووتانی زیاتر لە 15كیلۆمەتر لە چیاكە، بەڵام لە كۆتایدا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵكرا.  

ناوبراو وتیشی، تا ئێستا نەزانراوە ئاگرەكە بەهۆی چییەوە كەوتووە و داواشیكرد حكومەت تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە لە سەنتەر و ناحیەكانی قەزای شنگال دابنێت بۆ ئەوەی چیتر بەهۆی ئەم ڕوداوانەوە زیان بە موڵك و ماڵی هاوڵاتیان نەكەوێت. 

سنوری چیای شەنگال تیمی ئاگركوژێنەوەی نیە و سەرجەم ئەو ئاگرەی كەوتووەتەوە هاوڵاتیان خۆیان كۆنتڕۆڵیان كردووە.