ژمارەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە كەركوك گەیشتە 200 كەس

24/07/2020
فۆتۆ: 

لەمڕۆدا پێنج كەس لە شاری كەركوك بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی گیان لەدەستدان لە شارەكە گەیشتە 200 كەس.


سەباح نامیق، یاریدەدەری بەڕێوبەری تەندروستی كەركوك بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: لە 24 كاتژمێری رابردوودا  137 تووشبووی نوێ لە شارەكە تۆماركراون، هاوكات 102 تووشبوو چاكبوونەتەوە.

یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك ڕوونیشیكردەوە بەهۆی بەرزی ڕێژەی تووشبووانەوە ناچاربوون بەهاوكاری لەگەڵ مەرجەعە ئاینیەكان نەخۆشخانەیەكی 130 قەڕەوێڵەیی لەناحیەی تازە لەباشوری كەركوك درووست بكەن.
 
ئەوەشی ئاشكراكرد بەوەش كۆی ژمارەی ئەو نەخۆشخانانەی تایبەتكراون بە كۆرۆنا دەبێتە پێنج نەخۆشخانە، ئەو داواشی لەو كەسانە كرد كە لە نەخۆشیەكە چاكبوونەتەوە پلازمای خوێن ببەخشن. 

تائێستا لە شاری كەركوك سێ هەزار و 818 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و یەك هەزار و 596 كەس لە نەخۆشخانەكاندا ماونەتەوە، دوو هەزار و 22 كەسیش چاكبوونەتەوە.