چەمچەماڵ؛ لە ماوەى کەمتر لە شەش کاتژمێر دوو هاوڵاتى کوژران

25/07/2020
فۆتۆ: 

شەوى ڕابردوو لە شارۆچكەی چەمچەماڵ لەماوەى کەمتر لە شەش کاتژمێر دوو هاوڵاتى کوژران.

شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، بە (تۆڕی ھەواڵی ژیان)ی راگەیاند، کاتژمێر (2)ى شەو ئاگادار کرانەوە لە رووداوێکى تەقەکردن لە گوندى شۆراوى سەر بەناحیەى تەکیەى کاکەمەندى سەر بەقەزاى چەمچەماڵ، بەمەبەستى ناردنى ئۆتۆمبێلێکى تایبەت بۆ هێنانى تەرمى گەنجێکى تەمەن 19 ساڵ لە رەگەزى نێر، کە بەهۆى فیشەکەوە گیانى لەدەستدابوو.

وتیشى، دواى گرتنە بەرى رێکارەکان تەرمەکەى ڕەوانەى پزیشکى دادى سلێمانى کرا، ئەوەى جێگەى نیگەرانییە لە دوو ڕووداوى جیاوازدا و لە ماوەى کەمتر لە شەش کاتژمێر دوو گەنجى شارۆچکەکە بەهۆى فیشەکەوە گیانیان لەدەستدا.

ئاماژەى بەوەشکرد، هەر شەوى رابردوو تەرمی ھاوڵاتیەكى تەمەن 25 ساڵ گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی چەمچەماڵ ئاسەواری پێنج فیشەك بە جەستەیەوە بوو.