لە گەرمیان كەسێك بە فیشەك كوژرا

25/07/2020
فۆتۆ: 

لەلایەن ماتۆڕسكیلێكەوە كە دوو كەسی بەسەرەوە بووە كەسێك لە گەرمیان كوژرا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ حەوت كەس دەرچوو.

عەلی جەمال قەدوری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، بە (تۆڕی ھەواڵی ژیان )ی ڕاگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ شەممە لەگوندی ملەسوورە سەربە ناحییەی ڕزگاری تەرمی هاوڵاتیەك بەناوی (نەوشیروان جەلال محەمەد) لەدایكبووی 1985 گەیەندرایە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەكەلار كەبەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە گیانی لەدەستدابوو.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان وتیشی: بە ووتەی كەسوكاری كوژراوەكە ماتۆرسكیلێك كە دوو كەسی لەسەر بووە تەقەیان لەناوبراو كردووە و لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.

قەدوری ئەوەشی روونكردەوە لەسەر سكاڵای كەسوكارەكەی و بەبڕیاری دادوەر بەپێی مادەی (406) فەرمانی دەستگیركردن بۆ حەوت كەس دەرچووە كەپێشتر لەسەر زەوی و زار كێشەیان هەبووە و كە حاڵەتی كوشتن لەنێوانیان ڕوویداوە، گەڕان بەدوای تۆمەتباران دەستی ‌پێكردوە.