هەڤال ئەبوبەكر: گۆڕانبوون تەنها پەیوەست نییە بە گردەكەی گۆڕانەوە

25/07/2020
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی
فۆتۆ: فۆتۆ: ژیان

پارێزگاری سلێمانی لە ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند گۆڕان بوون پەیوەست نیە بە گردی زەرگەتەوە و هەركەس هەوڵ بۆ گۆڕانكاری بدات ئەوە گۆڕانە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە ساڵیادی گۆڕاندا رایگەیاند "بۆئەوەی گۆڕان بەهەمان بیرو بڕوا و باوەڕ و وتار و ڕەفتار و ڕوئیا، بەهەمان گیان و بەرنامە و ئامانجەوە بەردەوام بێت، پێویستمان بە نەوشیروانبوونە"

ئەو لە نوسینێكدا كە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بڵاویكردووەتەوە سڵاوی لە دامەزرێنەران و رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكە كردووە و دەشڵێت "گۆڕانبوون تەنها پەیوەست نییە بە گردەكەی گۆڕانەوە". 

پارێزگاری سلیمانی كە لەسەر پشكی بزوتنەوەكە پۆستەكەی وەرگرتووە دەشڵێت "لە هەر پنتێكی ئەم گەردونەدا بن، گۆڕان بووبن یان نەبووبن، دڵشاد بووبن یان دڵشكاو، نزیك بن یان دوور، بیانەوێت یان نەیانەوێت، بەیاربن یان نەیار، لە هەركوێ بن، گۆڕانن؛ بۆئەوەی مرۆڤ و ژیان و سیستم و دنیا بگۆڕن، نەك تەنها هێزێكی سیاسیی تر بخەنە سەر خەرمانی بێبەرەكەتی حیزبایەتی لە كوردستاندا".

ئەمڕۆ ماویە 11 ساڵ بەسەر دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان تێپەڕی كرد كە ئەو بزوتنەوەیە بەسەركردایەیت نەوشیروان مستەفا لەیەكەم بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان توانی 25 كورسی بەدەست بهێنێت، لە ئێٍتاشدا خاوەنی 12 كورسی پەرلەمانی كوردستانە.