لە گەرمیان پلەى گەرما ژمارەی پێوانەیى تۆمارکرد

25/07/2020
فۆتۆ: 

لە ناوەندى ئیدارەى گەرمیان بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما ژمارەى پێوانەیى تۆمارکرد، بەشێوەیەک 50 پلەى تێپەڕاند، پێشبینیدەکرێت پلەکانى گەرما زیتر بەرزببنەوە.

سیروان ساڵح شارەزا لەبوارى کەش و هەوا بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، لە دوێنێ هەینى شەپۆلێکى گەرماى توند ناوچەکانى گەرمیان و عێراق و بەشێک لەوڵاتانى گرتوووەتەوە، بەشێوەیەک پلەکانى گەرما گەیشتە 50 پلەى سەدى و ئەمڕۆش چاوەڕواندەکرێت لە گەرمیان بگاتە 52 پلە.

وتیشى، ئەو شەپۆلى گەرمایە لە رۆژانى دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممە کاریگەرى زیاترى لەسەر ناوچەى گەرمیان دەبێت، پێشبیندەکەن لە کاتەکانى نیوەڕۆ بەدواوە  پلەکانى گەرما بگاتە 54 پلەى سەدى.

ئاماژەى بەوەکرد، ساڵانە لە وەرزى هاویندا شەپۆلى نزمە پاڵەپەستۆى وەرزى زەریاى هندى کاردەکاتە سەر ناوچەکانى عێراق و گەرمیان بەڵام ئەو شەپۆلەى ئێستا پلەکانى گەرما زیاتر بەرزدەبنەوە و چەند رۆژێکیش بەردەوامی دەبێت، پیدەچێت کاریگەرى لەسەر تەندروستى هاوڵاتیان دروست بکات.

روونیکردەوە، بەپێى پێشبینیەکان دەشتى حەمرین و دەوروبەرى دەریاچەى حەمرین و ناوچەى زەنگابات و خانەقین، سەعدیە، جەلەولا بەرزترین پلەى گەرماى تێدا تۆمار بکرێت، بەهۆى ئەوەى هەڵکەوتەى خاکەکەیان نزمە و بەبرزاى دەورەدراون، شەپۆلەکەش لە کۆتایى هەفتە کۆتایى پێدێت.

 دواى لە هاوڵاتیانیش کرد، لە کاتژمێر 11 بۆ پێنجى عەسر نەچنە دەرەوە خۆیان لە پلەکانى گەرما بپارێزن.

ئەمە لەکاتیکدایە، پێشتریش دەستەی كەشناسی عێراق ڕایگەیاند لەم هەفتەیەوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە لەچەند پارێزگایەكی عێراق دەگاتە سەرو 50 پلەی سلیزییەوە .

 داڕشتنەوە: شادان حەسەن