پارێزگاری هەولێر شێوازی قەرەبووكردنەوەی دوكانە سوتاوەكانی شارەكە ئاشكرادەكات

25/07/2020
فۆتۆ: 

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند لە نزیك شوێنی ئەو بازاڕەی دوێنێ لە شارەكە سووتا بازاڕێكی هاوچەرخ بۆ دوكاندارەكان دەكەنەوە و حكومەت خزمەتگوزاریەكانی بۆ دابین دەكات.

فرسەت سۆفی، دوای سەردانی بۆ بازاڕی سیمی هەولێر رایگەیاند، بڕیادرا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەسەر میكانیزمی هاوكاریكردنیان و چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكانی ئەو دوكاندارانە. 

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند: وەك حكومەت پێمانباشە لەشوێنێكی نزیك لەو گەڕەكە، بازاڕێكی هاوچەرخ بۆ كاسبكاران دروستبكرێتەوە و حكومەتیش خزمەتگوزاری كارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، رێگاوبان و سیستەمی بەرگری شارستانی بۆ دابین دەكات.

ئەو بەڵێنەی پارێزگاری هەولێر لە كاتێكدایە دوێنێ نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی شارەكە رایگەیاند حكومەت توانای قەرەبووكردنەوەی ئەو خاوەن دوكانانەی نیە. 

دوێنێ هەینی بۆ سێهەمین جار روداوی ئاگركەوتنەوە لەناو بازاڕەكەدا روویدا لە ئاگرەكەدا نزیكەی 300 دوكان سوتان،  بەرگری شارستانی شارەكەش نەتوانی بەشێوەیەكی خێرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكات هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی رێگای ئۆتۆمبێلەكانیان بۆ ناو بازاڕەكە گێڕایەوە.