كۆرۆنا لەڕیزەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق و شوێنەكانی دیکەش بڵاوبووەتەوە

25/07/2020
یەکەیەکی رآهێنان و پشکنینی سوپای ئەمریکا
فۆتۆ: 

ڕاپۆرتێكی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، زیاتر لە 20 هەزار سەربازی ئەمریكا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و سەرچاوەی ڤایرۆسەكەش لە ناوەوە و دەرەوەش دەستنیشانكراوە .

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی چاپی ئەمریكا ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، هێزەكانی ئەمریكا گیرۆدەی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە لەناو ڕیزەكانیدا لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا، كە ژمارەیەكیان تووشبوون و نیشانەكانیان نەبووە و بەو هۆیەشەوە تۆمار نەكراون .

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، حاڵەتەكانی تووشبوون لە بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ویلایەتەكانی ئەریزۆنا و كالیفۆڕنیا و فلۆریدا و جۆرجیا و تەكساس، بەشێوەیەكی بەرچاو تیایاندا زیادیكردووە .

هەر لەم مانگەدا فەرماندەیی هێزەكانی پیادەی دەریایی ئەمریكا لە دورگەی ئۆكیناوای ژاپۆن ئاشكرایكرد، نزیكەی 100 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە و ئەو هەواڵەش بووە مایەی نیگەرانییەكی زۆری دانیشتوانی دورگەكە و لێپرسراوانی حكومەتی ژاپۆن لەناوچەكە .

لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریكا ئاشكرایانكرد، تووشبووانی هێزەسەربازییەكان لە ویلایەتەكانی كالیفۆرٍنیا و كارۆلاینای باكور، پەیوەندیی هەیە بە تێكەڵاوبوونی سەربازەكان بە ناوچە مەدەنییەكانی ئەو شوێنانەی كە سەربازگەكانی لێیە، بە تایبەت كە لەوشوێنانە یانە و كافێكان كراونەتەوە و قەرەباڵغییەكی زۆری لاوانی لەسەرە و ئەوەش وایكردووە، بە ژمارەیەكی بەرچاو تووشبوان لەناو ڕیزی لاواندا تۆمار بكرێت .

سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی تووشبوان لەڕیزی هێزەكانی ئەمریكا لە دەرەوە، قسە و پرسیاری زۆری دروستكردووە، سەبارەت بەو ڕێوشوێنە تەندروستییانەی كە دەگیرێتە بەر لەو بنکە سەربازیانە، بە تایبەت لە كاتێكدا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاندووە، دووچاری رٍێگری زۆر بووەتەوە لە كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكە لەناو ڕیزەكانی سوپادا .

ئاماژەی بەوەشكردووە، كێشەی بۆ دروستبووە لە چارەسەكردنی كێشە و كەموكوڕییە لۆجستییەكان، وەك هاوكارییكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە دەرەوە، بە تایبەت ژمارەیەكییان زۆر زیاتر لەو ماوەی بۆ تەرخانكرابوو ماونەتەوە .

بە گوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەكە، تا ئێستا 21 هەزار و 909 كەس لە ڕیزی سوپای ئەمریكا تووسی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لە كاتێكدا ژمارەكە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا 7 هەزار و 408 كەس بوون .

تا ئێستا بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسەكەوە، زیاتر لە 440 سەربازی هێزی دەریایی لەناو كەشتی جەنگی "تیۆدۆر رۆزفڵد تووشی كۆرۆنا بوون .

ڕاپۆرتەكە هۆكاری زیادبوونی تووشبوانی لەناو ڕیزەكانی سوپای ئەمریكادا، گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی قورسە پارێزگاریی بكرێت لە خۆبەدووگرتنی كۆمەڵایەتی، بە تایبەت لە سەربازگەكانی  ڕاهێنان، بنكە سەربازییەكان قەرەباڵغن و شوێنی پشوودان و كاتبەسەر بردنەكان كراوەن .

لیندسی لینینگور، توێژەر لە سیاسەتەكانی پەیوەست بە تەندروستییەوە لە كۆلێژی پزیشكی "دارتموس كۆلیدج" ڕایگەیاند، بنكە سەربازییەكان تێكەڵەكن لە پێكهاتەی دیموگرافیای جیاجیا، بەو هۆیەشەوە لە ئێستادا ناوچەیەكی بە پیتە بۆ تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە، بە تایبەت لەناو چینی لاواندا .

لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەشكردووە، بە داخەوە ئەو قەرباڵغیانە بەشێوەیەكی بەرچاو مەترسی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكەیان لەسەرە، چونكە بەشێكی زۆری فەرمانبەرەكانی ناو ئەو بنكە سەربازییانەی دەرەوەی ئەمریكا، فەرمانبەری میوانن، كە دەكرێت لەناو خودی كۆمەڵگەكەوە یان لەناو بنكەسەربازییەكەوە تێكەڵی خەڵك بن و ببێتە هۆكاری زیاتر بڵابوونەوەی ڤایرۆسەكە .

لێپرسراوێكی باڵای سوپای ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە، هۆكاری تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە، پەیوەندیی هەیە بە زوو كردنەوەی بنكەسەربازییەكان بۆ دەستپێکردنەوەی ڕاهێنان، بێ پابەندبوون بە ڕێكارە تەندروستییەكانەوە .

ئەو لێپرسراوە سەربازییە باڵایەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، هۆكاری زیادبوونی تووشبوون لەناو ڕیزەكانی سوپای ئەمریكادا، دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكارەی سەرەكی، یەكەمیان سوككردنی ڕێوشوێنەكانی گەشتكردنی سەربازەكان و دووەم دانانی سنورێك بۆ پلانە سەربازییانەی كە ماوەیەكی زۆر بوو دانرابوون، بۆیە ئەگەر زیاتر دوابكەوتایە دەبووە پەكخستنی پلانی بڵاوكردنەوەی ئەو هێزانە .

بەگوێرەی راپۆرتی ڕۆژناكە لە هەندێك بنكەی سەربازیی ئەمریكا، بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆییەوە لە دەرەوەی وڵات، ئاهەنگ و گردبوونەوەی ڕێگەپێنەدراو ئەنجام دراوە، ئەوەش بووە هۆی تەشەنەكردنی زیاتری فایرۆسەكە .