میسی ساڵی داهاتوو بەرە و ئیتاڵیا دەڕوات؟

25/07/2020
فۆتۆ: 

هەریەكە لە رۆژنامەكانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا لەبارەی رۆشتنی میسی بەرە و یانەی ئینتەر میلان زانیاری جیاواز بڵاودەكەنەوە و ئیتەر ئامادەیی دەربڕیوە پێشەكی 50 ملیۆن یۆرۆ بداتە ئەو یاریزانە.

لە ژمارەی ئەمڕۆیدا رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتالی، وێنەیەكی میسی لە لاپەرەی یەكەم داناوە و نووسیوویەتی، گواستنەوەی میسی بۆ ئئینتەر میلان ئەگەری روودانی هەیە.

رۆژنامەكە دەڵێت، وتویەتی گواستنەوەی ئەو یاریزانە شتێكی مەحاڵ نییە و خانەوادەی كۆمپانیای سونینگ كە خاوەنداریەتی یانەی ئینتەر دەكەن توانای ئەوەیان هەیە ئەو پارەیە دابین بكەن كە بۆ گواستنەوەی ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینیە پێویستە. 

لەبەرامبەردا ڕۆژنامەی مۆندۆی كەتەلۆنی رایگەیاند،، خۆرخی میسی باوكی لیۆنێل میسی سەرقاڵی كاری وەبەرهێنانی خانوبەرەیە لە ئیسپانیا و ئەمریكا و ئیتاڵیا بەڵام بەلایەنی كەمەوە میسی تا كۆتایی گرێبەستەكەی لە هاوینی 2021 دا لە بەرشەلۆنە دەمێنێتەوە و گەر ڕۆژێكیش بڕیاری ڕۆیشتن بدات، ئەوا هەرگیز پەیوەندی بە خولی ئیتاڵییەوە ناكات.

ڕۆژنامە ئیتاڵیەكە رایگەیاندبوو ئینتەر میلان ئامادەیە گرێبەستێكی سێ ساڵی بە موچەی ساڵانەی 50 ملیۆن یۆرۆ پێشكەشی میسی بكات، گەر پەیوەندی بە یانەكەیەوە بكات.

گواستنەوەی میسی بۆ ئینتەرمیلان، دەبێتە گرێبەستی سەددە، بەهۆی ئەوەی لە باشترین یاریزانەكانی مێژووی تۆپی پێیە، جگە لە بەرشەلۆنە یاریی بۆ هیچ یانەیەكی دیكە نەكردووە.

لیۆنێل مێسی، گرێبەستەكەی لە هاوینی 2021 كۆتاییدێت، ئێستا یاریزانەكە گفتوگۆكانی لەگەڵ یانەكە بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی راگرتووە، لە ئێٍستادا چاوەروانی كێشەكانی یانەكەی دەكات بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر مانەوەی لە یانەكە بدات. 

یانەی بەرشەلۆنە لە ساڵی داهاتوودا سەرۆكی نوێ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت كە سەرجەم كاندیدەكانی سەرۆكایەتی یانەكە بەلایانەوە گرنگە ئەو یاریزانە تا كۆتایی ژیانی وەرزشی لە یانەكەدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە بۆ ماوەنەوەشی لە یانەكە مەرجی خۆی هەیە.