قەبارەی هاوردەکردنی کاڵای ئێران بۆ عێراق ٤٠٪ کەمیکردووە

25/07/2020
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

قەبارەی هاوردەکردنی کاڵای ئێران بۆ عێراق لە مانگەکانی نیسان و ئایار و حوزەیرانی رابردوودا، ٤٠٪ کەمیکردووە.

ماڵپەڕی ژووری بازرگانی ئێران لەزاری حەمید حسێنی سکرتێری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق بڵاویکردەوە، لە سێ مانگی نیسان و ئایار و حوزەیرانی رابردوودا، پێنج ملیۆن تۆن کاڵای نانەوتی بەبەهای ١،٤٥ ملیار دۆلار هەناردەی عێراق کراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، قەبارەی هاوردەکردنی کاڵای نانەوتی ئێران بۆ عێراق، بەراورد بەهەمان کات لە ساڵی رابردوودا، ٤٠٪ و لەبواری بەهای کاڵاش، بەڕێژەی ٣٨.٣٪ کەمیکردووە.

سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناش کە بووەتەهۆی داخستنی دەروازە سنورییەکان، کاریگەری بەرچاوی لە هەناردەکردنی کاڵای ئێران بۆ عێراق هەبووە.

ئێران و عێراق حەوت دەروازە سنورییان هەیە کە جگە لە دەروازی چەزابە لە پارێزگای خوزستان، سەرجەم دەروازەکان بەڕووی بازرگاناندا کراونەتەوە و بڕیاریشە سبەینێ دەروازەی چەزابە بکرێتەوە.

کەمبوونەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی دوو وڵات لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو و لەمیانی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بڕیاریانداوە قەبارەی بازرگانی ساڵانە بو ٢٠ ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.