ئەگەری بەرپابوونی جەنگی راستەقینە هەیە لە نێوان توركیا و یۆناندا

25/07/2020
سەردانەکە ساڵی 2017ی ئەردۆغان بۆ یۆنان
فۆتۆ: AFP

مایكڵ ڕۆبن نوسەرو شیکەرەوەی دیاری ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەگەری بەرپابوونی جەنگی ڕاستەقینە لە نێوان توركیا و یۆناندا لە هەموو كات بەهێزتر بووە .

گۆڤاری "ناشیوناڵ ئینترێست" لە زاری مایكڵ ڕۆبنەوە بڵاویكردەوە، لەوەتەی ململانێ لە نێوان توركیا و یۆناندا هاتووە ئاراوە لە ساڵی 1974وە، لە ئێستادا ئەگەری ڕودانی جەنگی ڕاستەقینە لە نێوانیاندا لە هەموو كات بەهێزترە .

نوسەر لە شیکردنەوەکەیدا پێی وایە هۆكاری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان توركیا و یۆناندا، لە پێش هەموویەوە خواستی خودی ئەردۆغانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان و گێڕانەوەی هەندێك لەو زەویانەی ئیمپراتیۆریەتی عوسمانی لە دەرەوەی توركیای ئێستا .

هۆكارێكی تر ئابورییە، بەشێوەیەك توركیا لە هەوڵی دەستبەسەراگرتن و دزی ناوچە ئابورییەكانی ناو سنوری ئاوە هەرێمایەتییەكانی یۆنان و قوبرسە، هاوكات وەك خواستێكی دیكەی ئەردۆغان لە هەژموونی سەربازییانەی خۆی، بۆ ئەوەی وەك براوەیەك بەسەر ئەتاتۆركدا خۆی نمایش بكات .

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێزی دەریایی یۆنان ئاشكرایكرد، كەشتییە جەنگییەكانی خۆی لە دەریای ئیجەدا بڵاوكردووەتەوە و حاڵەتی ئامادەباشی تەواوی ڕاگەیاند، ئەویش بەهۆی ئەو چالاكییانەی توركیاوە  كە بە دوای سەرچاوەی وزەدا دەگەڕێت لە نزیك دورگەكانی بۆنان و ئەنكەرە دەڵێت، ئەو ناوچانە دەكەونە سنوری ڕاماڵینی كیشوەرییەوە .

ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و یۆنان و یەكێتی ئەوروپا بەردەوامە، لەسەر پاشخانی مافی مۆڵكایەتی دەریایی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بە تایبەت دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رٍابردوودا، یەدەگێكی زەبەلاحی گازی سروشتی لە ناوچەكە ئاشكرا بووە .

مایكڵ ڕۆبن نوسیویەتی "ئەردۆغان ئامادەكاریی كردووە لە گۆڕەپانەكەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان، بە تایبەت كاتێك لە ساڵی 2017دا هاوڵاتیانی یۆنانی تووشی شۆك كرد، كاتێك سەردانی ئەو وڵاتەی كرد و بیرۆكەی هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزانی پێشكەشكرد .

ئەردۆغان لەو كاتەدا پێشنیازی كرد بە لكاندنی شاری "كاردزهالی" بۆسەر وڵاتەكە، بەو پێیەی گوایە دەكەوێتە سنوری ڕۆحی توركیاوە، ئەو لێدوانانەش بووە هۆی بەرپابوونی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی بولگاریا، كە لەو كاتەدا وڵاتەكەیان سەرۆكایەتی ڕێكخراوی یەكێتی ئەوروپای دەكرد .

دواتریش ڕۆژنامەكانی سەر بە دەوڵەت دەستانكرد بە بڵاوكردنەوەی نەخشەكانی توركیا بە سنورێكی فراوانترەوە، كە چەند بەشێك لە دەوڵەتانی هاوسێی بەخۆیەوە لكاندبوو .

نوسەری شیكردنەوەكە پێی وایە ئەو هەوڵەی دوایی ئەردۆغان لە هەموو پلانەكانی دیكەی مەترسیدارترە، كە دەیەوێت پەیماننامەی لۆزان هەڵوەشێنێتەوە، بە تایبەت كاتێك كەشتییەكی تایبەت بە ڕوماڵی بومەلەرزەیی ناردە ئاوەهەرێمایەتییەكانی دورگەكانی یۆنان .

ئاماژەی بەوەشكردووە، توركیا بە تەنها نایەوێت پێداچوونەوە بكات بە ڕێككەوتنامەی یایاسی دەریاوانی، كە بواری ئاوی زیاتر دەدات بە یۆنان لەڕووی ئابورییەوە، بەڵكو دەیەوێت كۆنترۆڵی سەدان سەرچاوەی داهات بكات لە دەوروبەری دورگەكانی یۆنان لە دەریای ئیجەدا .

رۆبن لە بەشێكی تری شیكردنەوەكەیدا ئاماژەی كردووە بە كێشەی گۆرٍینەوەی مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، وەك خۆی دەڵێت ئەنجامدانی یەكەم نوێژی هەینی تیایدا، هاوكات بووە لەگەڵ ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان، چونكە هیچ ڕێگەیەكی باشتر نییە بەلای ئەردۆغانەوە ، بۆڕەتكردنەوەی سیستمی دوای پەیماننامەی لۆزان .

لە كۆتایی شیكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر ئەردۆغان زیاتر پێشڕەوی بكات بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوا دوور نییە یۆنان پەنا بۆ جەنگ نەبات، چونكە پێویستە ئەسینا سەرجەم بژاردەكان بخاتە سەر مێزەكەی، ئەگەر هاتوو سیناریۆی لەوشێوەیە ڕوویدا، نابێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێلایەن بێت، دەبێت بەڕاشكاوی دان بەوەدا بنێت كە توركیا دەستدرێژی كارە و پڕوپاگەندەكانی دروستكراون .

هاوكات بە هاوكاریی ئەوروپا، ئەمریكا دەتوانێت بەبیر توركیای بهێنێتەوە كە ئەگەر هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی لۆزان بدات، ئەوا پێداچوونەوەكانی ئەنكەرە، ڕەنگە زۆر نزیكتر بێت لە ڕێككەوتنامەی سیفەری ساڵی 1920 و بەراوردكردنی بە ڕێككەوتنامەی "باسارویتز"ی ساڵی 1718 .

ئەو شیكردنەوەی مایكڵ روبن لەكاتێكدایە، ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو بڵاویكردەوە، زانیاریی دەستكەوتووە كە ئەنگیلا مێركڵ هەوڵێكی دیپلۆماتی زۆری داواوە، كە لە چركەساتەكانی كۆتایدا جەنگ لەنێوان توركیا و یۆناندا بەرپا نەبێت، بە تایبەت كاتێك سوپای هەردوولا لە ئانوساتدا بوون هێرش بكەن سەر یەكتر .

بە گوێرەی ڕۆژنامەكە جەنگەكە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا خەریك بووە لەنزیك دورگەی "كاستیلوریزو" بێتە ئاراوە، كاتێك ئەنكەرە ویستوویەتی دەست بە پشكنین بكات بۆ گازی سروشتی لە نزیكی ئەو دورگەیەی یۆنان، كە دەكەوێتە نزیك توركیاوە .

ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامە ئەڵمانییەكە لە كاتێكدایە، ئێوارەی پێشتر سوپای یۆنان ڕایگەیاندبوو، هێزەكانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، دوای ئەوەی هەستیان بە جموجوڵی  سەربازیی توركیا كردووە لە نزیك دورگەی ناوبراو .

بەگوێرەی ڕۆژنامەكە سوپای یۆنان 15 كەشتی دەریایی توركیای بینیووە بنكەی سەربازیی دەریایی "ئینكیسار"یان جێهێشتووە، ئەوەش گومانی بۆ دەسەڵاتدارانی سوپای یۆنان دروستكردووە و هێزەكانیان خستووەتە ئامادەباشییەوە .

ڕۆژنامەی بیڵد ئاشكرایكردووە، دوای ئەو ئامادەكارییانە، فڕۆكەی جەنگی و كەشتییە دەریاییەكانی هەردوو وڵات یەك هەنگاو دووربوون لەوەی دەست بە هێرش بكەن و شەڕ هەڵگیرسێت .

پەیماننامەی لۆزان، هەندێك جار بە پەیماننامەی لۆزانی دووەم ناودەبرێت، كە لەساڵی 1923 لەشاری لۆزانی سویسرا ئیمزا كراوە، كە بەگوێرەی پەیماننامەكە دۆخی جوگرافیای ئەنادۆڵ و بەسی ئەرووپای ئێستای توركیا چاسەرەكرا، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیفەر كە دەوڵەتی عوسمانی ئیمزای كردووە، وەك ئەنجامی جەنگی سەربەخۆیی توركی الە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان لە جەنگی یەكەمی جیهان و كۆمەڵەی نیشتیمانی باڵای توركیا" بزوتنەوەی نەتوەەیی توركیا بەسەرۆكایەتی مستەفا ئەتاتورك، پەیماننامەكە بووە هۆی دانپێدانانێكی نێودەوڵەتی بە كۆماری توركیا، كە بووە میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی .

پەیماننامەی لۆزان سنوری جوگارفی دەوڵەتەكانی وەك یۆنان و بولگاریا و توركیا و خۆرهەڵاتی عەرەبی دەستنیشانكرد.