بازرگانى نەوتی ملیۆنان دۆلار لە نێوان بەرپرسانى هەرێم و ئەمریکا

25/07/2020
کۆبوونەوەی بارزانی و پۆمپیۆ لە سەرەتای ساڵی 2019
فۆتۆ: 

''یەک کەسایەتی سیاسی بەرتیل وەربگرێت، کارێکی خراپە، ئەگەر هەموو کەسایەتییە سیاسییەکانی بەرتیل وەربگرن، ئەوە زۆر خراپترە'' ئەمە پێشەکی ڕاپۆرتێکی ماڵپەری نیوڕپەبڵکی ئەمریکییە کە وەک ئاماژەیەک بۆ بەرتیل وەرگرتن لە لایەن سەرکردەکانى کوردەوە باسیان کردووە.

چەند دەزگایەکی میدیایی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکایان دەستکەوەتووە کە دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی چەند ڕێککەوتنێکی نەوتیی نێوان چەند سەرکردەیەکی سیاسی کورد و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسراو بە پنتاگۆن و ماڵپەڕی باوەڕپێکراوی نیوڕیپەبڵکی ئەمریکیش ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەکەی بەشێوەی ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، چەند کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان کە لە بواری سوتەمنیدا کاردەکەن چەند ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ پنتاگۆندا واژۆ کردووە و پێیان وتوون کە سوتەمەنی بۆ پنتاگۆن دابین دەکەن بۆ هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە، لە بەرامبەر پێدانی سەدانی ملیۆن دۆلاردا، کە ئەمەش وەک  قۆرخکاری کەرتی سوتەمەنی هەرێم لێکدراوەتەوە.

لەڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، ئەو کۆمپانیایانەی دەستیان گرتووە بەسەر کەرتی سوتەمەنی هەرێمدا پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە هەیە یان لە بنچینەدا هی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەن کە بەپێی ڕاپۆرتەکە تۆڕێکی ئاڵۆزی بازرگانیکردن و سەوداکردنی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بە بەڵگەنامەیەکی حکومەتی هەرێم کردووە، کە بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمپانیا وەهمی لە سنوری دەسەڵاتی خۆیدا بەکارهێناوە بۆ قۆرخکردن  و دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ئەمریکا، کە ماڵپەڕەکە باسی لەوە کردووە کۆمپانیاکانی سەربە پارتی لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێن و بە خێزانی "کلیپتۆکراسی" ناوى هێناون واتە ئەو خێزانە دەستڕۆیشتووانەى کە سەروەتی وڵات دەدزن.

کارمەندێکی بەشی دژە گەندەڵی ئەمریکا بە ماڵپەڕەکەی وتووە، سەروەتەکەی خێزانی بارزانی، دنیای داگیرکردووە و بە درێژایی سوریا تا سویسرا بڵاوبووەتەوە و بۆ چاوبەستکردنیش لە کاری وەبەرھێناندا لە شاری باڤرڵی ھڵز لەویلایەتی کالیفۆرنیا بەکاریدەهێنن یان کۆشک و تەلاری گرانبەهای پێدەكڕن، کە سەبارەت بە سەرچاوەی ئەم سامانە زۆرەش ماڵپەڕەکە نوسیویەتی سەرچاوەی سەروەت و سامانی بنەماڵەی بارزانی کوردستانی دەوڵەمەند بە نەوت و غازی سروشتییە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا دەیکەن و پارەی خەیاڵییان لێدەست دەکەوێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو کۆمپانیایەی سوتەمەنی بۆ پنتاگۆن دابین دەکات، بنکەی سەرەکی لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکایە و ناوی دی جی سی ئا یە، ئەو کۆمپانیایەش پەیوەندی بە سیاسییە کوردەکانەوە هەیە، بەمانایەکی تر خاوەندارییەتی ئەم کۆمپانیایە بۆ سیاسییە کوردەکان دەگەڕێتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ماڵپەڕەکە، چۆنیەتی ئیشکردن و فرۆشتنی سوتەمەنی بە ئەمریکا بەم شێوەیە بووە:

 

ئەم کۆمپانیایە رێککەوتنی لەگەڵ سوپای ئەمریکادا هەبووە کە سوتەمەنییان بۆ دابین بکات، ئەو نرخەی کۆمپانیاکە لەسەر سوتەمەنییەکەی دایناوە زیاتر بووە لە نرخی خۆی بەجۆرێک، کۆمپانیاکە سوتەمەنی فرۆکەی بۆ فرۆکە ئەمریکییەکانی بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا دابین کردووە کەلەناو فرۆکەخانەی ھەولێردابوون و بۆ ھەر گاڵۆنێک ١٠ دۆلاریان وەرگرتووە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش ئەو نرخەیان بەلاوە زۆر بووە و ویستویانە ئەو گرێبەستە بدەنە چەند کۆمپانیایەکی تر وەک کۆمپانیای ڤاریس و ستارتجیک سۆشیاڵ، بەڵام وەک ئەوەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کوردەکان بەوە ڕازینەبوون و پنتاگۆنیش بەناچاری سوتەمەنی لە کۆمپانیای دی جی سی ئای کڕیوە سەرەڕای زۆری نرخەکەشی، دواتر دەرکەوتووە کە ئەو کۆمپانیایە پەیوەندی بە سیاسییە کوردەکانەوە هەیە، بەمانایەکی تر خاوەنداریەتی ئەو کۆمپانیایە بۆ کوردەکان دەگەڕێتەوە و داھاتەکەی ساڵانە بەشێوەیەکی خەیاڵی زیادیکردووە کە لە ساڵی ٢٠١٥ داھاتی تەنیا دوو ملیۆن دۆلار بووە بەڵام لە ٢٠١٧ بووە بە ١٥٠ ملیۆن دۆلار، کە لەو ساڵەدا لە ڕیزبەندی بیستەمینی ئەو کۆمپانیایانەدا بووە کە داهاتیان بە خێرایی زیادی کردووە.

بەپێی یاداشتێکی حکومەتی هەرێم کە ماڵپەڕەکە ئاماژەی بۆ کردووە، ساڵی ٢٠١٦ کۆمپانیایەکی تر بەناوی پێترۆ کەی گاز کە کۆمپانیایەکی بواری سوتەمەنی بووە و پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەبووە، هەر ئەو سوتەمەنی بۆ فرۆکەخانەی هەولێر دابین کردووە و ئەو کەرتەی قۆرخ کردووە کە لەلایەن ڕاوێژکاری ئابوری پێشووی حکومەتی هەرێم عیماد باڵەک خاوەنداریەتی کراوە.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەشکردووە کە بازرگانێکی کورد بە ناوی هەڤاڵ دۆسکی کە کەسێکی نزیکی بنەماڵەی بارزانییە و لای مەنسور بارزانی کار دەکات، لە ساڵی ٢٠١٨دا دوو کۆشکی شاهانەیی لە شاری باڤرڵی هڵز لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا بە نرخی ٤٧ ملیۆن دۆلار بۆ خێزانی بارزانی کڕیوە ئەمە جگە لەوەی دوو ملیۆن دۆلاری دیکەی داوە بۆ نوێکردنەوەی کەل و پەلەکانی ناوی، ئەمەشی لەپێناو ئەوەدا کردووە کە بنەماڵەی بارزانی ڕێگەیان داوە بە کارکردنی کۆمپانیایەکی وەهمی هەڤاڵ دۆسکی کە لەبواری سوتەمەنیدا کاریکردووە، کڕینی ئەو دوو کۆشکەش لەو کاتەدا بووە سەردێری هەواڵەکانی میدیای ئەمریکا، هەرچەندە ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکان کە لەوکاتەدا کراون،  ئەو کەسانەی کە لەنزیک ئەو دوو کۆشکە نیشتەجێبوون باسیان لەوە کردووە کە خزمەتکارەکەی یەکێک لە کوڕەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، ڕۆژانە لەناو کۆشکەکەدا دەبنن، کە ئەو کوڕەی بارزانیش خانوویەکی لە لەندەن بە ١٤ ملیۆن دۆلار کڕیوە لە ناوچەی تۆنی کینگستن.

لەگەڵ ئەمانەشدا، هەریەکە لە ڤیکتۆریا تۆینسینگ و جۆزێف جێنەڤا کە دوو پارێزەری ئەمریکین، ڕەتیان کردووەتەوە کە هیچ ڕێککەوتنێک هەبێت لەنێوان سەرۆک وەزیرانی کوردستان و هیچ لایەنێکی دیکەدا کە سوتەمەنی بۆ ئەمریکا دابین بکەن،  بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی زە دەیلی بیست کە لەمانگی دووی ئەمساڵدا بڵاوی کردووەتەوە، دەرکەوتووە ئەو دوو پارێزەرە لەلایەن هەڤاڵ دۆسکییەوە بڕی ٣٠٠ هەزار دۆلاریان پێدراوە تا لۆبی بۆ بارزانی و پارتی بکەن لە ئەمریکا تا گرێبەستى هاوکاری سەربازی و ئابوری ئەمریکا لەلایەن ئەوانەوە بۆ حکومەت بنێردرێت، بەڵام تا ئێستاش دۆسکی وەڵامی ئەو راپۆرتەی نەداوەتەوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا، ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە کە حکومەتی ئەمریکا بەردەوامە لە هاوکاریکردنی سیاسییە کوردەکاندا و ئەمریکا بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە کە لە ڕاپۆرتەکەدا بە میلیشیا ناویان هێندراوە و وەک راپۆرتەکە باسی کردووە تا ئێستا ئەمریکا بەسەدان ملیۆن دۆلار هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە.