لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل وەرگرتنى پارە لە گەشتیاران رەتدەکرێتەوە

26/07/2020
فۆتۆ: 

بەرپرسى دەروازەى ئیبرایم خەلیل وەرگرتنى پارە لە هاوڵاتیان رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت هیچ میکانیزمێک دانەندراوە.

کامى کەمال بەرپرسى پەیوەندى و راگەیاندنى دەروازەى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، بڵاوبوونەوەى دەنگۆى وەرگرتنى پارە لە هاوڵاتیان دورە لە ڕاستیەوە و تەنها بۆ شکاندنى دەروازەکەیە.

وتیشى، تائێستا هیچ میکانیزمێک بۆ وەرگرتنى پارە و هاتنى هاوڵاتی و گەشتیاران دانەندراوە، ئێستاش لەگەڵ بەرپرسانى دەروازەکە لەسەر خەتین بۆ دانانى میکانیزمێکى تایبەت بە هاتنى گەشتیاران.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دەنگۆى وەرگرتنى 50 بۆ 100 هەزاردینار بۆ گەشتیارانى بیانى لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل بڵاوکرایەوە، راگەیەندرا هەر هاوڵاتى و گەشتیارێک لەو دەروازەوە بێتە هەرێم ئەو بڕە پارەیەى لێوەردەگیرێت و بەبی پشکنین و کەرەنتین دەربازى دەبێت.

لە سەرەتایى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، بەئامانجى رێگریکردن لە تەشەنە سەندنى ڤایرۆسەکە وەزارەتى ناوخۆى هەرێم بڕیارى داخستنى سەرجەم دەروازە سنوریەکانى دەرکرد و بڕیاروایە ئەمڕۆ ئەو دەروازانە بەڕووى گەشتیاراندابکرێنەوە.