فڕۆکەکانی تورکیا لە سنوری ئامێدی دوو ئۆتۆمبێلیان کردەئامانج

26/07/2020
فڕۆکەکانی تورکیا لە قەزای ئامێدی دوو ئۆتۆمبێلیان کردەئامانج
فۆتۆ: فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
دهۆک

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناحیەی بامەڕنێ-یان لە قەزای ئامێدی بۆردومانکرد و دوو ئۆتۆمبێلیان لەو ناوچەیە کردەئامانج.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا، فڕۆکە جەنگییەکنی تورکیا بۆردومانی ناحیەی بامەڕنێ-یان لە سنوری قەزای ئامێدی کردووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە  بۆردومانەکەدا دوو ئۆتۆمبێل کراونەتە ئامانج و هێرشەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، گومان دەکرێت فڕۆکەکانی تورکیا بەو بیانووە ئەو ئۆتۆمبێلانەیان کردبێتە ئامانج، کە سەر بە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بن.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە مەترسیدارە و هێشتا فڕۆکەکان بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە کەس ناتوانێت نزیکبێتەوە لە شوێنی بۆردومانەکە.

زیاتر لە مانگێکە سوپای تورکیا بەبیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشدەکاتەسەر سنورەکانی ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدبوون و زەرەر و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیشتووە.