هەولێر.. هەڵمەتی بڕینی زێدەرۆییەکانی سەر تۆڕەکانی ئاو دەستیپێکرد
هەڵمەتی بڕینی زێدەرۆییەکانی سەر تۆڕەکانی ئاو لە هەولێر دەستیپێکرد
فۆتۆ: فۆتۆ: بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێر
هەولێر
لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر، هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕەکانی ئاوی ماڵان، دەستیپێکرد و هەڵمەتەکە ھەموو گەڕەکەکانی ھەولێر دەگرێتەوە .
پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی٧ی٢٠٢٠، هەموو ئەو سەرپێچیانەی کە کرابوونەسەر هێلەکانی ئاو و بە نایاسایی ئاو بۆ باخچەکانی پێش ماڵان ڕاکێشرابوو، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێرەوە، بڕدران و لەئەگەری دووبارەکردنەوەشی لەلایەن هاوڵاتییانەوە، سزای یاسایی دەدرێن .
لەوبارەیەشەوە، هێمن قادر جێگری پارێزگاری ههولێر، بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، "ئەم هەڵمەتە سەرجەم شوێنەکانی سنوری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و بەردەوامیشی دەبێت ".
وتیشی، "داواکارین لە هاوڵاتییان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە پێش گەیشتنی تیمەکانمان زێدەرۆیەکانیان لاببەن، بۆئەوەی تووشی سزای یاسای نەبنەوە ".
ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی کەمئاوی زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر بۆ زێدەڕۆیی و ڕاکێشانی نایاسایی ئاو، لەلایەن ھاوڵاتیانەوە دەگەڕێتەوە .
شایەنی باسە، هەموو ساڵێک لەگەڵ ھاتنی وەرزی هاوین، بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری ھەولێر، تووشی کێشەی کەمئاوی دەبن.
|