هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا ناكرێت

26/07/2020
هەڵبژاردن گرێ قورسەکەی داهاتووی عێراق
فۆتۆ: 

ماوەیەكە لە ناوەندە جیاجیاكانی عێراق و لێدوانی سەركردە و هێزە سیاسییەكان باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت لە عێراقدا، بەڵام لەبەر دەستكەوتە سیاسییەكان هیچ هێزێك نایەوێت ئەو هەڵبژاردنە بكرێت، ڕۆژنامەی " میدل ئیست ئۆنلاین" لە ڕاپۆرتێكدا ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم دۆخەی ئێستای عێراقدا بەدوور دەزانرێت.

راپۆرتەکە باس لەوە دەكات، تەنانەت ئەگەر قەوارە سیاسییەكان ڕێكبكەون لەسەر هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنەكان و وادەیەكیش دیاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی، جگە لەوەش ئەو ملیار دۆلارەش دابین بكرێت كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان داوایكردووە، ئەوا هەڵبژاردنی پێشوەختە بە هیچ شێوەیەك بەلای كەمەوە لەمساڵ و نیوەی یەكەمی ساڵی داهاتووشدا ئەنجام نادرێت .

بەگوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەكە ، هۆكارێكی گرنگ هەیە كە قەوارە سیاسییەكان بەهۆی ململانێكانیانەوە لەسەر دەستكەوتەكانیان، لێی ئاگادار نەبوون، ئەویش ئەوەیە یاسای دادگای فیدراڵی ڕێگە نادات بە ئەنجامدانی هەلَّبژاردنی پێشوەختە، یان هەر هەڵبژاردنێكی دیكە، تەنانەت ئەگەر هەرسێ سەرۆكایەتییەكەش پێی رازی بن .

سەرباری ئەوەی زۆربەی سەرۆكی قەوارە سیاسییەكان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەكەی راستە، لەوبارەیەوە بەدر زەیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرونی سەر بە موقتەدا سەدر دەڵێت "هێزە سیاسییەكان دەیانەوێت دۆخەكە بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە و هیچ هەنگاوێك نەنرێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەر لەبەر ئەوەشە هەیە ڕێگری دروست دەكات بۆ تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنی نوێ ".

لە لایەكی ترەوە عەرەفات كەرەم پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "ئەو حزبانەی ترسیان لە داهاتووی سیاسییان هەیە، بوونەتە ڕێگر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخە، تەنها ئەگەر بە ساختەكاری دڵنیایی بدرێتێ بۆ چەند كورسییەك وەك لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا رویداوە .

ڕۆژنامەكە جەختیكردووەتەوە، لێدوانی نوێنەرانی سەرجەم قەوارە سیاسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، هیچ لایەك خواستی راستەقینەی نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە .

لەگەڵ بوونی ئەگەری ئەوەی كوتلە سیاسییەكان ڕێكدەكەون لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و رازیش دەبن بە ئەنجامدانی بەشێوازی یەك بازنەیی نەك دابەشكردنی پارێزگاكە بۆ چەند بازنەك، بەڵام ئەو بژاردەیە لەلایەن ئەو قەوارە سیاسییانەوە ڕەتدەكرێتەوە كە ترسیان هەیە هەڵبژاردنەكان بدۆڕێنن .

هەفتەی رابردوو محەمەد حەلوبسی لەگەڵ سەرۆكی قەوارە سیاسیەكان كۆبووەتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە شكستی هێناوە لەسەر ئەوەی نەتوانراوە ڕێكەوتن بكرێت لەسەر شێوازێكی دیاریكراو بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان .

لەگەڵ هەموو ئەو داخوازی و مەرجانەدا، ئەگەر بگوترێت هەموو پێداویستییەكان ئامادەكرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، بەڵام كێشەی دادگای فیدراڵی و یاساكەی، چونكە دەبێت دادگای فیدراڵی رازی بێت لەسەر راستاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دەستپێكردنی دۆسیەی ئەندامانی پەرلەمان و تانەكان كە لەسەر هەڵبژاردنەكان پێشكەش دەكرێت، سەرجەم ئەو كارانە لە تایبەتمەندی دادگای باڵای فیدراڵیە .

پسپۆڕانی بواری یاسا باس لەوە دەكەن، قەیرانەكە زۆر لەوە گەورەترە تەنها ناكۆكییەكی سیاسی بێت سەبارەت بە كات و ساتی هەڵبژاردنەكان، چونكە زیان گەیاندن بە تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی دادگای فیدراڵی دەبێتە هۆی ئەوە هەر لە بنەڕەتەوە دەنگدانەكە نەكرێت، چونكە ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی خانەنشینی بوونی یەكێك لە 9 دادوەرەكە ی دادگاكە و نەبوونی ئالییەتێك بۆ قەرەبووكردنەوەی، دادگای باڵای فیدراڵی شکستی هێناوە لەوەی كۆبێتەوە بۆ سەیركردنی ناكۆكییە دەستورییەكان، چونكە ئەگەر هەموو ئەندامەكانی ئامادە نەبێت كۆبوونەوەكەی بۆ ئەنجام نادرێت، بۆیە هەر بڕیارێكیش دەربكات ڕەتكراوەیە و كەس پێوەی پابەند نابێت .

راپۆرتی رۆنامەكە ئاماژەی كردووە بەوەی بۆچی دادگای فیدراڵی ناتوانێت قەرەبووی یەكێك لە ئەندامەكانی بكاتەوە كە خانەنشین كراوە، لەوبارەوە نوسیویەتی دادگای فیدراڵی بۆ چەند ساڵێك دەبێت سەرقاڵی ئەوەیە قەرەبووی ئەندامە بنەڕەتییەكانی بكاتەوە لە لیستی دادوەرە یەدەگەكانی، بەڵام دوا لیستی یەدەگی دادگاكە دەریدەخات سەرجەم ئەندامەكانی ڕەوانەی خانەنشینی كراون، چونكە هەموویان گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی خۆیان و ناتوانرێت هیچیان دابنرێت بە ئەندامی ئەو دادگایە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە ڕێژەی یاساییان ناتەواوە .

دادگای فیدراڵی لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە، بەڵام لێتێگەیشتنێكی سیاسی بە چاودێری نوری مالیكی  سەرۆك وەزیرانی پێشوو، وایكرد دادگاكە سەربەخۆیی گەورە بەدەست بهێنێت لە ئەنجومەنەكە، تەنانەت لەڕووی دامەزراندنی ئەندامەكانیشییەوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو لێكتێگەیشتنە بوونی نەماوە، بۆیە دادگاكە ناتوانێت قەرەبووی ئەندامەكانی بكاتەوە كە خانەنشین بوون، تەنها لەڕێگەی لێكتێكەیشتن نەبێت لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریدا، ئەوا دادگای فیدراڵی ناتوانێت ڕێژەی یاسایی خۆی تەواو بكات .

ئەوەش بە مانای ئەوەیە بەگوێرەی یاسا و دەستوری كارپێكراو ناتوانرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند بكرێت، ئەگەر دادگاكە پەسەندی ئەنجامەكان نەكات .

بۆیە تا ئەو كێشەیە لە نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەریی چارەسەر نەكرێت، دەتوانرێت بگوترێت بەم نزیكانە هیچ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە عێراقدا ناكرێت .