ئەمشەو شاندێکی باڵای یەکێتی و پارتی لە هەولێر کۆدەبنەوە
کەمێک لەمەوبەر شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی گەیشتنە ھەولێر و بڕیارە لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە .
شاندەکەی یەکێتی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لێکراوە .
سەرچاوەیەک بە تۆڕی ھەواڵی ژیانی ڕاگەیاند "بڕیارە کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو، لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی یەکێتی و پارتی بۆ تاوتوێکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کۆببنەوە ".
ئەوەش لە کاتێکدایە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەڕلەمان لەسەر داوای یەکێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی، هەڵوەشایەوە و دواخرا بۆ ڕۆژی دووشەممە .
لەدوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و هاوسەرۆکایەتی، تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی فەڕمی لەنێوان پارتی و یەکێتی نەکراوە .
ئەو کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدایە، یەکێتی دەیەوێت لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان، لەگەڵ پارتی بگاتە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش .
|